واشنتۆن هه‌ڵوێستی خۆی سه‌باره‌ت به‌ رێككه‌وتنی نه‌وت به‌رامبه‌ر به‌ غاز له‌نێوان عێراق و ئێران راده‌گه‌یه‌نێت

ئاڵای ئه‌مه‌ریكا، عێراق و ئێران
ئاڵای ئه‌مه‌ریكا، عێراق و ئێران

K24 – هەولێر:

گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا رایده‌گه‌یه‌نێت، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا پابه‌نده‌ به‌ جێبه‌جێكردنی سه‌رجه‌م سزاكانی وڵاته‌كه‌ی كه‌ به‌سه‌ر ئێراندا سه‌پاندوویه‌تی.

گوته‌بێژێكی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا به‌ ژماره‌یه‌ك له‌ میدیاكانی راگه‌یاندووه‌، سیاسه‌ته‌كانی ئه‌مه‌ریكا به‌رامبه‌ر به‌ ئێران نه‌گۆڕه‌ و واشنتۆن به‌رده‌وامه‌ له‌ جێبه‌جێكردنی سزاكان كه‌ به‌سه‌ر تاراندا سه‌پاندوویه‌تی، هه‌روه‌ها روونیكردووه‌ته‌وه‌، ئێران ته‌نها بۆی هه‌یه‌ له‌باره‌ی وزه‌ و چه‌ند بابه‌تێكی دیكه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ی كڕین و فرۆشتن له‌گه‌ڵ عێراق بكات، كه‌ ئه‌مه‌یش په‌یوه‌ندی به‌ لایه‌نی مرۆییه‌وه‌ هه‌یه‌.

هه‌روه‌ها ئه‌و گوته‌بێژه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌، واشنتۆن به‌ هه‌موو توانایه‌وه‌ پشتوانی له‌ عێراق ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی له‌ بواری وزه‌دا سه‌ربه‌خۆیی به‌ده‌ستبهێنێت، هاوكات گوتوویه‌تی، واشنتۆن پشتوانی له‌ هه‌وڵه‌كانی حكومه‌تی ئێستای عێراقیش ده‌كات بۆ باشتركردنی خزمه‌تگوزارییه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كان بۆ گه‌لی عێراق.

باسی له‌وه‌ش كردووه‌، كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام راوێژ له‌گه‌ڵ لایه‌نی عێراقی ده‌كه‌ن سه‌باره‌ت به‌ سزا سه‌پێندراوه‌كانی سه‌ر ئێران كه‌ به‌هۆی چالاكییه‌ ئه‌تۆمییه‌كانییه‌وه‌ به‌سه‌ریدا سه‌پێندراوه‌. گوتووشیه‌تی، هه‌موو هه‌وڵێك ده‌ده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی سزاكانی سه‌ر ئێران زیان به‌ عێراق نه‌گه‌یه‌نێت.

ئه‌و گوته‌بێژه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ راكێشاوه‌، سنوورداركردنی هاوكاریكردنی عێراق له‌ بواری غاز له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌، ئامانج لێی فشار خستنه‌ سه‌ر حكومه‌تی عێراق و وروژاندنی حكومه‌ت و گه‌لی عێراقه‌.

رۆژی (سێشه‌ممه‌ 11ـی ته‌ممووزی 2023) محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق له‌ گوته‌یه‌كدا رایگه‌یاند، له‌گه‌ڵ ده‌ستبه‌كاربوونی وه‌ك سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق ئه‌و كێشه‌ و گرفتانه‌ی ده‌ستنیشان كرد كه‌ دێنه‌ به‌رده‌م كه‌رتی كاره‌با، دواتر دوو جۆر چاره‌سه‌ری بۆ دیاری كردوون، كه‌ یه‌كێكیان كاتی و هه‌نووكه‌ییه‌ و ئه‌وی دیكه‌یشیان درێژخایه‌ن و ستراتیژین.

هه‌روه‌ها سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، چارەسەری ریشەیی بۆ کێشەکانی دابینکردنی غازی ئێران بۆ عێراق دانراوه و توانراوه‌ چاره‌سه‌ری ئه‌و ئاسته‌نگییانه‌یش بكه‌ن، كه‌ دێنه‌ به‌رده‌م پرۆسه‌ی پێدانی ئه‌و بڕە پاره‌یه‌ی بۆ هاوردەکردنی غاز دابین كراون، به‌تایبه‌تی سه‌باره‌ت به‌و ئاسته‌نگ و ئاڵۆزییانه‌ی به‌هۆی سزاكانی ئه‌مه‌ریكاوه‌ دروست بووه‌.