وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان سەردانی پەرلەمانی هەرێمی کەتەلۆنیا دەکات

K24 – هەولێر:
عەبدوڵا حاجی مەحمود، وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، سەردانی پەرلەمانی هەرێمی کەتەلۆنیای کرد لە شاری بەرشەلۆنەی وڵاتی ئیسپانیا و لەلایەن ئەلبا ڤێرجێس، جێگری سەرۆکی پەرلەمان و ئانا بالسێرا، جێگری سەرۆکی کۆمیسیۆنی پەیوەندییەکانی دەرەوە پێشوازییان لێکرا.
ئەمرۆ پێنجشەممە (13ـی تەمموزی 2023)، لە میانەی راگەیاندراوێکدا، وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، رایگەیاند، لە دیدارێکدا ئایدن ئۆستان، نوێنەری کاربەڕێکەری حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو وەزیری کاروباری سەهیدان و ئەنفالکراوان تیشکی خستە سەر ئامانجی سەردانەکەیان کە بۆ بەشداریکردن بوو لە شازدەهەمین کۆنفرانسی یەکێتی زانایانی جیهانی IAGS لە شاری بەرشەلۆنە.
بە گوێرەی راگەیاندراوەکە، لەبەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، عەبدوڵا حاجی مەحمود، باسی لە قوربانیدان و نەهامەتییەکانی خەڵکی کوردستان و ئەنفال و کیمیاباران و جینۆساید کرد.
لە راگەیاندراوەکەی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، ئاماژە بەوەکراوە، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کەتەلۆنیا خۆشحاڵی خۆی بەو سەردانە دەربڕی و رایگەیاند، کە پەرلەمانی هەرێمی کەتەلۆنیا پرسی جینۆسایدی کورد دەخاتە پێشینەی کارەکانی بۆ ئەوەی ئەو کارەسات و جینۆسایدانەی کەبەسەر خەڵکی کوردستاندا هاتووە بە زیندوویی لەسەر ئاستی نێو دەوڵەتی بمێننەوە.
.jpeg)
.jpeg)