لە سلێمانی دەست بە پێدانی پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی دەکرێت

بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی سلێمانی
بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی سلێمانی

K24 – هەولێر:

بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی سلێمانی هاووڵاتییان ئاگادار دەکاتەوە لە دوو رۆژی یەکەمی هەفتەی داهاتوو سەردانیان نەکەن بەهۆی راگرتنی پێدانی پاسپۆرت بە سیستمی کۆن و دەستکردن بە پێدانی پاسۆرتی ئەلیکترۆنی.

رۆژی (13ـی تەمموزی 2023)، بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا داوای لە هاووڵاتییان کردووە لە رۆژانی یەکشەممە و دووشەممە (16 و 17ـی تەمموزی 2023) سەردانی پاسپۆرتی سلێمانی نەکەن بە مەبەستی مامەڵەی پاسپۆرت و وەرگرتنەوەی پاسپۆرت، چونکە پێدانی پاسپۆرت بە سیستمی کۆن رادەگیرێت.

هەروەها پاسپۆرتی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکردووە، لە دوای ئەو بەروارە دەستدەکرێت بە پێدانی پاسپۆرت بە سیستەمی نوێی ئەلیکترۆنی و لە هەر گۆڕانکارییەکی دیکەش هاووڵاتییان ئاگاداردەکەنەوە.

رۆژی (21ــی ئایاری 2023)، عەمید سالار عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی، بە کوردستان24ــی راگەیاند، پاسپۆڕتی ئەلیکترۆنی بەراورد بە پاسپۆرتەکەی پێشوو رۆتینی کەمترە و تەنها لە رێگەی ناسنامەیک هاووڵاتیان دەبنە خاوەنی پاسەپۆرتە ئەلیکترۆنییەکە، واتا پێویستی بە کردنەوەی فایل و پڕکردنەوەی فۆڕم ناکات.

هەروەها راشیگەیاند، نرخی پاسپۆرتە نوێیەکە 91 هەزار دینارە و هاوڵاتییان دوای پێشکەشکردنی ناسنامەکەیان بە کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆڕت لە ماوەی کاتژمێرێکدا دەبنە خاوەنی پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی.

هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، پاسپۆرتی پێشوو واتا ئاساییەکە تاکو کاتی بەسەرچوونی کاری پێدەکرێت و پێویست بە گۆڕینی ناکات، ئەگەر هاووڵاتییان خواستیان لەسەربوو بیگۆڕن بۆ ئەلیکترۆنیەکە پێش بەسەرچوونی پاسەپۆرتی پێشوویان، دەتوانن بیگۆڕن و کێشەیان نابێت.

لەسەرەتای مانگی ئاداری ئەمساڵەوە، وەزارەتی ناوخۆی عێراق بە هەنگاو دەستیکردووە بە گۆڕینی سیستمی پێدانی پاسپۆرت و سەرەتاش لە بەغداوە دەستیپێکرد و ئەوکاتەش ریاز جوندی ئەلکەعبی، بەڕێوەبەری گشتی باری شارستانی و پاسپۆرت و نشینگەی عێراق، رایگەیاند، پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی بەگوێرەی رێنمایی و ستانداردەکانی رێکخراوی فڕۆکەوانی جیهانی دەرچووە، ئه‌مه‌ش ئاماژەیە بۆ ئەوەی تایبەتمەندی ئەمنیی گەورەی تێدایە، هەروەها لاپەڕەی زانیارییەکانیش جیاوازە لە پاسپۆرتی پێشوو، جگە لە سیمی ئەلیکترۆنی لە پاسپۆرتەکەدا، کە زانیاری دەربارەی هاووڵاتییەکە لەخۆدەگرێت و راستەوخۆ دەخوێندرێتەوە.

Fly Erbil Advertisment