تەرمی 13 کۆچبەری بە رەگەز ئەفریقی لە تونس دۆزرایەوە

K24 – هەولێر:

حکومەتی تونس دۆزینەوەی تەرمی 13 کۆچبەری نایاسایی بە رەگەز ئەفریقی لە نزیک کەناراوەکانی سەقافس راگەیاند، کە بەنیازی کۆچکردن بوون بەرەو ئەوروپا.

کارگێری گشتیی پاسەوانی نیشتمانیی سەربە وەزارەتی ناوخۆی توونس لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکردووە، هێزەکانیان لە نزیک کەناراوەکانی سەقافس لە هەرێمی ناوەڕاست، شکستیان بە هەوڵێکی بەزاندنی سنووری ئاوی هێناوه‌ و لەمیانیدا تەرمی 13 كۆچبه‌ری بە رەگەز ئەفریقی دۆزرایەوە.

هەر لە میانی ئۆپەراسیۆنەکەدا 25 کۆچبەری دیكه‌ی ئەفریقی رزگارکران.

جێی ئاماژەیە سەفقاس وەک خاڵێکی گرنگ لەلایەن کۆچبەرانەوە بەکاردەهێندرێت بۆ دەربازبوون و گەیشتنیان بە دوورگەی لامبیدۆزا لە ئیتاڵیا کە تەنها 13 کم لە کەناراوەکانی توونسەوە دوورە.