بەرگری شارستانی زاخۆ: ئەمڕۆ سێ کەس لە رووباری خابوور خنکان

تیمێکی بەرگری شارستانی زاخۆ
تیمێکی بەرگری شارستانی زاخۆ

K24 – زاخۆ:

بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی زاخۆ رایگەیاند، لە سێ رووداوی جیاوازدا سێ کەس لە رووباری خابوور خنکان و تەرمی دووانیان دۆزراوەتەوە و پرۆسەی گەڕانیش بەدوای تەرمەکەی دیکە بەردەوامە.

رۆژی هەینی (14ـی تەمموزی 2023)، لە راگەیەندراوێکدا، راگەیاندنی بەرگری شارستانی زاخۆ ئاماژەی بەوەکردووە، سێ رووداوی خنکان لە رووباری خابوور تۆمارکراوە و تەرمی یەکێکیان دۆزاوەتەوە و رەوانەی پزیشکی دادی زاخۆ کراوە.

بەرگری شارستانی زاخۆ روونیکردووەتەوە، گەنجێکی تەمەن 15 ساڵان بە ناوی (ئە، ئا. ی.) کە دانیشتووی سێمێلە، لە سنووری گوندی دولا لە رووباری خابوور خنکاوە و دوای گەیشتنی تیمەکانیان، تەرمەکەیان دۆزیەوەتەوە.

لەبارەی دوو رووداوەکەی دیکە، بەرگری شارستانی زاخۆ ئاماژەی بەوەشکردووە، هەر ئەمڕۆ هەینی لە سنووری گوندی باکرما مێردمنداڵێک بەناوی (م. ئە. ص.) کە تەمەنی 13 ساڵانە خنکاوە و هەروەها منداڵێک لە سنووری بەرە گەورا بە هەمان شێوە لە رووباری خابوور خنکاوە و تەرمەکەی دۆزراوەتەوە.

هەرچەندە بەرگری شارستانی زاخۆ ناسنامەی کەسی سێیەمی ئاشکرانەکردووە و رایگەیاندووە کە پرۆسەی گەرانی تیمەکانیان بەدوای تەرمی ئەو دوو رووداوەی دوایی بەردەوامە.

بەهۆی بەرزی پلەکانی گەرماوە، هاووڵاتییان روو لە رووبار و شوێنە ئاوییەکان دەکەن بە مەبەستی مەلەکردن و خۆفێنککردنەوە و بەو هۆیەوە لەماوەی رابردوو چەند حاڵەتێکی خنکان لە رووبار و زێیەکانی هەرێمی کوردستان تۆمارکراون.