لە پارێزگای زیقار کەسێک بە تەقەی خۆشی گەڕانەوەی حاجییەک گیانی لەدەستدا

K24 - هەولێر
لەکاتی گەڕانەوەی حاجییەک لە سعوودیەوە بۆ پارێزگای زیقاری عێراق، تەقەی خۆشی دەکرێت و بەهۆیەوە مامۆستایەک گیان لەدەستدەدات.
ئێوارەی دوێنێ هەینی 15ـی تەممووزی 2023، لە پارێزگای زیقاری باشووری عێراق، لە کاتی تەقەکردن بەبۆنەی گەڕانەوەی حاجییەک لە سعوودیە، گولـلـەیەک بەر کەسێک کەوت و گیانی لەدەستدا.
سەرچاوەیەکی ئەمنی بە میدیا عێراقییەکانی راگەیاندووە، ئەو کەسەی گیانی لەدەستداوە، پیشەی مامۆستایە و فەرمانبەری وەزارەتی پەروەردەی عێراقە و تا ئێستا نازانرێت گـولــلـەکە لەلایەن کێیەوە تەقێندراوە و بەر مامۆستاکە کەوتووە.
هەمان سەرچاوەی میدیا عێراقییەکان ئەوەشی خستووەتەڕوو، پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ رووداوەکە کردووەتەوە و هەرکاتێک تۆمەتبارەکەیان دەستگیرکرد، رەوانەی دادگای دەکەن بۆ ئەوەی لێپێچینەوەی یاسایی لەگەڵ بکرێت.
ئەمە لە کاتێکدایە ئێوارەی دوێنێ هەینی، دەستەی حەج و عومرەی عێراق رایگەیاند، دوا کاروانی حاجییانی عێراق لەرێگەی فڕۆکەخانەی بەغدا لە سعوودیە گەڕایەوە و بەو پێیەش سەرجەم حاجییانی وڵاتەکە دوای بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج "بە سەلامەتی" گەڕاونەتە ناو کەسوکاریان.
ئەمساڵ 38 هەزار و 377 کەس لە عێراق، کە لەو ژمارەیە چوار هەزار و 685 هاووڵاتیی هەرێمی کوردستان بوون، بۆ بەجێگەیانی فەریزەی حەج سەردانی سعوودیەیان کرد. لەو ژمارەیە؛ 14 هەزار و 600 کەس لە رێگەی وشکانییەوە گەشتیان کرد و زیاتر لە 23 هەزار کەسی دیکەش لە رێگەی فڕۆکەخانەکانەوە گەشتیان ئەنجامدا.