عەمار حەکیم: ئیرادەیەکی نێودەوڵەتی و هەرێمی هەیە بۆ سەقامگیری عێراق

K24 – هەولێر:
سەرۆکی رەوتی حیکمەی عێراقی رایگەیاند، ئیرادەیەکی نێودەوڵەتی و هەرێمی هەیە بۆ بەرقەراربوونی سەقامگیری لە عێراق و وەک وێستگەیەک بۆ سەقامگیری ناوچەکە سەیری عێراق دەکرێت.
رۆژی شەممە (15ـی تەمموزی 2023) عەمار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمەی عێراقی لەمیانی ئەو جوڵە سیاسییانەی لایەنە سیاسییە عێراقییەکان بۆ ئامادەسازی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دەستیانپێکردووە کە وابڕیارە لە (18ـی کانوونی یەکەمی 2023) بەڕێوەبچێت، داوای لە دەنگدەرانی عێراق کرد، سەردانی بنکەکانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان بکەن بە مەبەستی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران و کارتی بایۆمەتری دەنگدان.
لە راگەیەندراوەکەی عەمار حەکیمدا ئاماژە بەوەشکراوە، تایبەتمەندی هەڵبژاردنەکانی کۆتایی ئەمساڵ لەوەدایە، کە دەرفەتی کارکردن و خزمەتکردنی فراوان لە بەردەم پارێزگارەکان هەیە بەهۆی پەسەندکردنی یاسای بودجەوە، بۆیە لەسەر هاووڵاتییانی عێراقی پێویستە کەسانی دەستپاک و لێهاتوو هەڵبژێرن.
لەبارەی یاسای هەڵبژاردنەکانیشەوە، عەمار حەکیم ئاماژەی بەوەکردووە، یەکێکی دیکە لە تایبەتمەندی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، بوونی یاسایەکە کە یەکەمینجارە بۆ ئەم هەڵبژاردنە بەکاربهێندرێت، کە لە بنەڕەتدا یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانە.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا، سەرۆکی رەوتی حیکمە داوای لە هاووڵاتییان کردووە جیاوازی بکەن لەنێوان رێکارەکان و دەستکەوتەکان، بەرپرسانی دەوڵەت ئەنجامدانی ئەرکەکانیان لە ئەستۆدایە، بۆیە پێویستە هاووڵاتییان دەستکەوت و ئەنجامی کارەکانیان ببینن نەک گرتنەبەری رێکارەکان.
بڕیارە لەرۆژی 18ـی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق جگەلە هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقیش لە 1ـی تەمموزەوە بۆ ماوەی یەک مانگ دەرگای تۆمارکردنی بۆ پارت و هاوپەیمانیەتییەکان کردووەتەوە.
هاوکات کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە رۆژی یەکشەممە (9ـی تەمموزی 2023) تاکو رۆژی دووشەممەی مانگی داهاتوو (7ـی ئابی 2023)، بنکەکانی تۆمارکردنی دەنگدانی کردووەتەوە بە مەبەستی نوێکردنەوەی داتای بایۆمەتری.
لەو هەڵبژاردنەدا، 23 ملیۆن و 367 ههزار و 81 كهس مافی دهنگدانیان ههیە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی 15 پارێزگای عێراق بە پارێزگاکانی کەرکووک و نەینەواوە، هەروەها کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەکاری دەکات بۆ کردنەوەی حەوت هەزار و هەشت بنکەی دهنگدان کە 47 هەزار و 655 وێستگەی دەنگدان لەخۆدەگرێت.
رۆژی (20ـی ئاداری 2023)، پەرلەمانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ رۆژی 6ی تشرینی دووەمی ئەمساڵی وەک رۆژی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراقی پەسەندکرد.
هەروەها پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر ماددەی 15 و 16ی هەمواری یاسای هەڵبژاردندا، بەگوێرەی ماددەی 15، 320 کورسی بەسەر پارێزگاکان دابەشدەکرێت، نۆ کورسیش بەسەر کۆتاکاندا بەمشێوەیە دابەشدەکرێت مەسیحی 5 کورسی لە هەریەکە لە پارێزگاکانی بەغدا،هەولێر، دهۆک و نەینەوا.
سابیئەی مەندائی یەک کورسی لەپارێزگای بەغدا، کوردی فەیلی لە پارێزگای واست یەک کورسی، شەبەک یەک کورسی پارێزگای نەینەوا، ئێزیدی یەک کورسی لە پارێزگای نەینەوا.
بەپێی هەموارەکە، ئەو پارێزگایانەی کۆتاکانیان بەسەردا دابەشکراوە بە یەک بازنە هەڵبژاردن ئەنجامدەدەن. هەروەها پەرلەمان دەنگی لەسەر ماددەی 16 ی هەمواری یاسای هەڵبژاردنی پارێزگاکان، ئەویش جیاکردنەوەی دەنگەکانە بە سیستەمی ئەلیکترۆنی و بەدەست، واتە لە هەمان وێستگەی دەنگدان جیاکردنەوەی دەنگەکان بە دەستیش ئەنجامدەدەرێت.