بۆ تۆمارکردنی هاوپەیمانی دوو هەفتە لە بەردەم لایەنەکان ماوە

لایەنە سیاسییە کوردییەکان لە کەرکووک نەگەیشتونەتە رێککەوتن

K24 - کەرکووک

تەنها دوو هەفتە لە بەردەم لایەنە سیاسییەکان ماوە بۆ تۆمارکردنی هاوپەیمانی لە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بەڵام لایەنە سیاسییە کوردییەکان لە کەرکووک نەگەشتونەتە رێککەوتن بۆ دروستکردنی هاوپەیامنێتییەکی کوردی.

لە ماوەی هەفتەی رابردوودا پارتی و یەکێتی بەجیا لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان کۆبوونەتەوە و داوای هاوپەیمانێتیان لێکردوون، بەڵام تا ئێستا بزووتنەوەی گۆڕان، کۆمەڵی دادگەری و یەکگرتووی ئیسلامی وەڵامی ئەو پێشنیازانەیان نەداوەتەوە کە پارتی و یەكێتیان پێشکەشیانکردون.

حەکیم عوبێد، باژێروانی مەکۆی کەرکووکی بزووتنەوەی گۆڕان بە کوردستان24ی گوت: "هێشتا کات ماوە و دەتوانین لە کاتەکانی کۆتاییدا وەکو گۆڕان بڕیار بدەین، ئەگەر لیستی هاوبەشمان نەبێ بەرنامەی دیکەمان دەبێت".

یەکگرتووی ئیسلام لە کەرکووک سەرجەم بژاردەکانی دروستکردنی لیستیان داوە بە سەرکردایەتی حزبەکەیان، لەناو بژاردەکاندا دروستکردنی "هاوپەیمانێتی ئیسلامی"، بەڵام تائێستا سەرکردایەتی یەکگرتوو لەوبارەوە بڕیاری کۆتایی نەداوە.

 تارق فەریق، بەرپرسی مەڵبەندی کەرکووکی یەکگرتووی ئیسلامی دەڵێت: "ئەو بژاردانە لە سەرکرسدایەتی دیراسە کراون، بەڵام تائێستا نەگەیشتوینەتە بڕیاری کۆتایی، چاوەڕێی بڕیاری ئەنجومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتووی ئیسلامی دەکەین".

حزبی سۆسیالست دیموکراتی کوردستان، پێیانوایە وادەیەکی کەم لەبەردەم لایەنەکاندا ماوە و بەرپرسیارێتیش لە ئەستۆی پارتی و یەکێتییە، سوسیاکیست پێشنیازی زیندوکردنەوەی ئەو هاوپەیمانێتیە دەکات، کە لە ساڵی 2020 لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دروستکراوە وتێیدا ناو و لۆگۆ و کاندیدی هاوپەیمانێتێکەش ئامادەیە.

رەسوڵ رەئوف، ئەندامی سەرکردایەتی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان، بە کوردستان24ی گوت: "باشترین بژاردە ئەوەیە لەسەر بنەمای رێککەوتنی 2020 لیستی هاوبەش دروست بکرێت، هەمان ئەو حزبانەن بەتایبەتی پارتی و یەکێتی، دەتوانرێت ئەو هەڵبژاردنە زیندو بکرێتەوە، ئەوکاتیش رێککەوتنەکە هەر بۆ ئەنجومەنی پارێزگاکان بوو".

Fly Erbil Advertisment