سیستەمی نوێی پاسپۆرت دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە

K24 – هەولێر
بڕیارە لە ئەمڕۆوە سیستەمی پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی لە هەرێمی کوردستان بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
رێناس عەلی پەیامنێری کوردستان24 لە هەولێر رایگەیاند، کاتژمێر 11ی پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە 16/7/2023، سیستەمی نوێی پاسپۆرت دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە و لە ئەمڕۆ بەدواوە دەبێتە سیستەمی ئەلیکترۆنی.
گوتیشی: "سیستەمەکە راستەوخۆ بەستراوەتەوە بە سیستەمی گشتی پاسپۆرتی عێراقەوە، ئەو مامەڵانەی لە سیستەمەکە داغڵ دەکرێن راستەوخۆ دەچێتە سیستەمی گشتی پاسپۆرتی عێراق و دواتر پاسپۆرتەکەیان بۆ دێتەوە".
پەیامنێرمان روونیکردەوە، هەر کەسێک بیەوێت پاسپۆرت دەربهێنێ یان نوێی بکاتەوە، تەنیا کارتی نیشتمانی و کارتی زانیاری پێویستە.
هاوکات ئارام بەختیار پەیامنێرمان لە سلێمانی رایگەیاند، ئەمڕۆ لە سلێمانی سیستەمی پاسپۆرتی کۆن لە پاسپۆرتی سلێمانی راگیرا و ئامادەکاری دەکەن بۆ خستنەکاری سیستەمی ئەلیکترۆنی.
عەقید سالار عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی بە کوردستان24ی گوت: "رۆژی سێشەممە 18/7/2023، فەرمی سیستەمی ئەلیکترۆنی لە سنووری پارێزگای سلێمانی دەستپێدەکات".
گوتیشی: "پاسپۆرتە نوێیەکە پێشکەوتووە و کوالێتی زۆر بەرزە، تەزویر ناکرێت و کەس ناتوانێ لەجیاتی کەس بەکاری بهێنێت".
بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی، راشیگەیاند: "هاووڵاتی ئەو رۆژەی مامەڵەکانی دەکات، هەمان رۆژ پاسپۆرتەکە وەردەگرێتەوە".