تەرمی هاووڵاتییەکی دانیشتووی هەڵەبجە لە رۆژهەڵاتی کوردستان دۆزرایەوە

K24 - هەڵەبجە
دوای پێنج رۆژ بێسەروشوێن بوونی، تەرمی هاووڵاتییەکی دانیشتووی پاریزگای هەڵەبجە، لە شاری کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان دۆزرایەوە.
بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی دەست کوردستان24 کەوتوون، هاووڵاتییەکی خەڵکی سنووری پارێزگای هەڵەبجە بە ناوی غازی مستەفا، کە پێنج رۆژ لەمەوبەر بەشداری لە کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرێک لە نزیک گوندەکەیان کردبوو، بێسەروشوێن بووە، تەرمەکەی لە رۆژهەڵاتی کوردستان دۆزراوەتەوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە کوردسیان24ی راگەیاند، ئەو هاووڵاتییە گوندەکەیان لە نزیک سنووری نێوان هەرێمی کوردستان و رۆژهەڵاتی کوردستانە، لەکاتی کوژاندنەوەی ئاگر لە ناوچەکەیان بێسەروشوێن بووە، دوای پێنج رۆژ تەرمەکەی لە نەخۆشخانەیەکی شاری کرماشان دۆزراوەتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی سەرچاوەکە، ئەو هاووڵاتییە بە تەقەی پاسدارانی ئێران کوژراوە، دواتر تەرمەکەیان بردووەتە نەخۆشخانەیەکی شاری کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان.
