سێ کەس بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر دەستگیردەکرێن

لۆگۆی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان
لۆگۆی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر

بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە  هۆشبەرەکان دەستگیرکردنی سێ کەس بە تۆمەتی "کڕین و فرۆشتنی ماددەی هۆشبەر" رادەگەیەنێت و ئاماژە بەوە دەدات، نیو کیلۆ ماددەی کریستاڵیان پێ بووە.

ئەمڕۆ دووشەممە 17ـی تەممووزی 2023، بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە  هۆشبەرەکان لە راگەیەندراوێکدا ئەوەی خستەڕوو، توانیانیانە سێ کەس لە هەرێمی کوردستان دەستگیربکەن کە "کاری کڕین و فرۆشتن"ـیان بە ماددەی هۆشبەرەوە دەکرد.

لە راگەیەندراوەکەدا، بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە  هۆشبەرەکان ئاشکراینەکردووە، ئەو سێ کەسە لە سنووری کامە پارێزگای هەرێمی کوردستان دەستگیرکراون و ئاماژە بەوەش دراوە، "لەکاتی دەستگیرکردنیان، بڕی نیو کیلۆ لە ماددەی کریستاڵ و بڕێک لە ماددەی ماریجوانایان لەدەست گیرا".

بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە  هۆشبەرەکان لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا ئەوەی خستووەتەڕوو: "پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ تۆمەتباران کراوەتەوە و ڕووبەروی یاسا دەکرێنەوە."

ئەمە لە کاتێکدایە دوێنێ یەکشەممە 16ـی تەممووزی 2023، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر رایگەیاند، لە چەند چالاکییەکی جیاوازدا لە ماوەی دوو رۆژ، توانیویان 10 تۆمەتبار بە بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان، لەکاتی کڕین و فرۆشتن بە ماددەکانەوە دەستگیربکەن.

بەپێی ئامارێکی بەڕێوبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان، لە پێنج مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، 943 تۆمەتبار دەستگیرکراون و لەو ژمارەیەش 367 کەسیان مامەڵەی بازرگانییان بە ماددەی هۆشبەرەوە کردووە. هەروەها 679 کیلۆگرام حەبی هۆشبەری فەل و 49 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر دەستیان بەسەردا گیراوە لەگەڵ دوو هەزار و 860 شیت حەبی هۆشبەر..

بەگوێرەی ئامارەکان، 80%ـی بەکارهێنەرانی ماددەی هۆشبەر لە هەرێمی کوردستان تەمەنیان لە نێوان 18 بۆ 35 ساڵدایە، 10%ـی بەکارهێنەرانی ماددە هۆشبەرەکان ئافرەت و 4%ـیش تەمەنیان خوار 18 ساڵە.

بەگوێرەى ئامارى بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکانى عێراق، لە ساڵى 2022ـ، زیاتر لە 14 هەزار کەس بە تۆمەتى بەکارهێنان و قاچاخیکردن بە مادەى هۆشبەر، دەستگیرکراون، کە 500 کەسیان ژن و مێرمنداڵ بوون.

ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئەوە دەردەخەن؛ لە ساڵی 2021، لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک، هەزار و 943 کەس بە تاوانی بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەرەوە دەستگیرکراون و لە ساڵی 2022 ژمارەی دەستگیرکراوان بوو دوو هەزار و 103 کەس بەرزبووەوە..

ماددەی هۆشبەر کە پێشی دەوترێت دەرمانی هۆشبەر، بریتییە لەو ماددانەی کە ئەگەر بە شێوەیەکی زیاد لە پێویست و بە ڕێگای هەڵە بەکاربێن، دەبنە هۆی زیانگەیاندن بە بەکارهێنەر یان کەسانی چواردەوری بەکارهێنەر، لە هەندێک بارودۆخدا کەسی ئالوودەبوو لەکاتی بەکارهێنانی ماددەی ھۆشبەردا تاوان ئەنجام دەدات یاخود ڕەوشتی ناکۆمەڵایەتی دەنوێنێت، هەروەها کەسایەتی و هەڵسوکەوتی لەگەڵ دەوروبەریدا دەگۆڕێت، لەگەڵ ئەوەشدا زیانی دەروونی و کۆمەڵایەتی بۆ بەکارهێنەر و دەوروبەری هەیە، بەکارھێنانی ماددەی هۆشبەر بەکارهێنەرەکەی تووشی سزای یاسایی دەکات.

رێگەکانی ئالودەبوون بە ماددەی هۆشبەر جۆراوجۆرن، نێرگەلە یەکێکە لەو رێگایەی کە ئێستا زۆر باوە بۆ ئالودەکردنی گەنجان بە ماددەی هۆشبەر و زۆربەی ئەو ماددەی هۆشبەرەی کە دێتە نێو هەرێمی کوردستان لە وڵاتانی دراوسێوە هاوردە دەکرێت.