سیستەمی پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی لە سلێمانی کاراکرا و لەماوەی کاتژمێرێکدا پاسپۆرت دەردەکرێت

K24 - هەولێر
سیستەمی نوێی پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پاسپۆرتی سلێمانی کاراکرا و لەماوەی کاتژمێرێکدا هاووڵاتییان دەتوانن پاسپۆرتەکانیان وەربگرن. تێچووی دەرهێنان و نوێکردنەوەی پاسپۆرت، لە رێگەی سیستەمە نوێیەکەوە؛ 91 هەزار دینارە.
دوای ئەوەی دوێنێ یەکشەممە بۆ جاری یەکەم سیستەمی نویێی پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی لە پارێزگای هەولێر کەوتەکار؛ بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە کاتژمێر 11:00 هەمان سیستەمی نویێ پاسپۆرت لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پاسپۆرتی پارێزگای سلێمانی کەوتەکار.
نیان بارزان، پەیامنێری کوردستان24 لە سلێمانی رایگەیاند، ئەو هاووڵاتییانەی بیانەوێت پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی دەربکەن؛ دەتوانن لە رێگەی ئەپڵیکەیشنی (جواز السفر العراقي الالكتروني)، کە بۆ هەردوو سیستەمی (ئەندرۆید و ئای ئۆ ئێس) بەردەستە؛ نۆرە بگرن و زانیارییەکانیان (زانیارییەکانی تایبەت بە ڤیزا کارد، کارتی زانیاری، کارتی نیشتمانی و پاسپۆرتە کۆنەکە ئەگەر مامەڵەکە نوێ کردنەوەی پاسپۆرت بێت) تۆماربکەن. دواتر لە ماوەی نیو کاتژمێر بۆ کاتژمێرێک مامەڵەکانیان راییدەکرێن و لە هەمان رۆژدا پاسپۆرتەکانیان وەردەگرنەوە.
تێچووی دەرهێنان و نوێکردنەوەی هەر پاسپۆرتێک لە سیستەمی نوێی پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پاسپۆرتی سلێمانی، وەکو ئەوەی پەیامنێری کوردستان24 ئاماژەی پێدا؛ 91 هەزار دینارە.
هاوکات عەمید سالار عەبدوڵڵا، بەڕێوبەری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پاسپۆرتی پارێزگای سلێمانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگهیاند، پاسپۆرتی ئهلیكترۆنی دوو ئاسانكاری بۆ هاووڵاتیان دهكات و دهتوانن لهههمان رۆژدا دهبنه خاوهنی پاسپۆرتی خۆیان و ههروهها دهبێته هۆی ئاسانكاری له فڕۆكهخانه و دهروازه سنوورییهكان. راشیگهیاند، ئهم پاسپۆرته ناتوانرێت ساختهكاری تێدا بكرێت و له ئاستێكی بهرزدا دروست دهكرێت.
پەیامنێری کوردستان24 ئەوەشی خستەڕوو؛ ماوەی 48 کاتژمێر بوو بەهۆی ئەوەی راهێنان لەسەر سیستەمی نوێی پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی بە کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی سلێمانی دەکرا؛ سەرجەم کارەکان لە بەڕێوەبەرایەتییەکە راگیرابوون و ئەمڕۆ کاتژمێر 11:00 دووبارە سەرجەم کارمەندان گەڕانەوە سەر کارەکانیان.
پەیامنێری کوردستان24 روونیشیکردەوە، لە ماوەی رابردوودا هاووڵاتییانی پارێزگای سلێمانی تووشی کەمی دەفتەری پاسپۆرت ببوونەوە و بەڕێوەبەرایەتییەکە بارگرانییەکی زۆری لەسەربوو، بەهۆی ئەوەی ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتییانی سنووری ئەو پارێزگایە داوای دەرکردنی پاسپۆرتیان دەکرد، بەڵام بە کاراکردنی ئەم سیستەمە نوێیە هەم بارگرانییەکە کەمتر دەبێتەوە و هەمیش لە ماوەیەکی کەمتردا پاسپۆرت دەردەکرێت.
دوێنێ یەکشەممە 16ـی تەممووزی 2023، عەقید سالار عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پاسپۆرتی پارێزگای سلێمانی بە کوردستان24ی راگەیاندبوو: "رۆژی سێشەممە 18ـی تەممووزی ،2023 بە شێوەیەکی فەرمی سیستەمی نوێی ئەلیکترۆنی پاسپۆرت لە سنووری پارێزگای سلێمانی دەکەوێتەکار".
عەقید سالار عەبدوڵڵا راشیگەیاندبوو: "پاسپۆرتە نوێیەکە پێشکەوتووە و کواڵێتیی زۆر بەرزە، ساختە ناکرێت و کەس ناتوانێت لەجیاتی کەس بەکاری بهێنێت".



