ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی هەردوو شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق ئاشکرادەکرێت

K24 - هەولێر
هەردوو شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق لە بەغدا کۆبوونەوە و سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمیش دەڵێت، گفتوگۆ لەبارەی شێوازی جێبەجێکردنی برگەکانی تایبەت بە پابەندبوونی هەرێمی کوردستان لە بودجەی ئیتیحادی کراوە و، "بڕیار وایە لە چەند ڕۆژی داهاتوو کۆبوونەوەی باڵا ئەنجام بدرێت".
ئەمڕۆ دووشەممە 17ـی تەممووزی 2023، ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا، کە لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە؛ ئاماژەی بەوە داوە، ئەمڕۆ لە بەغدا تیمی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ تیمی باڵای حکومەتی عێراق کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا وەکو ئەوەی ئومێد سەباح باسی کردووە، " گفتوگۆ لەبارەی شێوازی جێبەجێکردنی برگەکانی تایبەت بە پابەندبوونی هەرێمی کوردستان و دابینکردنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتی ئیتیحادی دا کرا".
بەگوتەی سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان؛ "لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار دراوە کارکردن لەگەڵ وەزارەتی دارایی و وەزارەتی نەوت و چاودێری دارایی عێراق بەردەوام دەبن".
لەبارەی بەردەوامبوونی کۆبوونەوەکانی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی فیدراڵی، ئومێد سەباح نووسیویەتی: "بڕیار وایە لە چەند ڕۆژی داهاتوو کۆبوونەوەی باڵا ئەنجام بدرێت."
ئەمە لە کاتێکدایە ناوبراو دوێنێ یەکشەممە له كۆنفرانسێكی رۆژنامهوانیدا لەبارەی سەردانەکەیان بۆ بەغدا رایگهیاندبوو، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و سەرۆکوەزیران محەممەد شیاع سوودانی لهبارهی شایسته داراییهكانی ههرێمی كوردستان گفتوگۆیان كردووه و "پێویستی بهوه كرد تیمێكی باڵای هاوبهش ههبێت، تاكو بڕیاری تاكهكهسی لهبارهی بودجه و شایسته داراییهكانی ههرێم نهدرێت و بۆ ئەو مەبەستە به بڕیاری سهرۆكوهزیران مهسرور بارزانی لیژنهیهكی تایبهتمهند بۆ ئەو بابەتە پێكهێندراوە."