چین و ئه‌مه‌ریكا هه‌وڵی كه‌مكردنه‌وه‌ی به‌كارهێنانی خه‌ڵووز و وزه زیانبه‌خشه‌كان ده‌ده‌ن

K24 - هەولێر:
نێرده‌ی تایبه‌تی ئه‌مه‌ریكا بۆ گۆڕانی كه‌شوهه‌وا رایده‌گه‌یه‌نێت، پێویست ده‌كات چین و ئه‌مه‌ریكا هه‌نگاوی راسته‌قینه بنێن بۆ ئه‌و چوار مانگه‌ی داهاتوو به‌رله‌وه‌ی كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانی تایبه‌ت به گۆڕانی كه‌شوهه‌وا (كوپ28) كه وا بڕیاره له شاری دوبه‌ی به‌ڕێوه‌بچێت.
ئه‌مڕۆ (دووشه‌ممه 17ـی ته‌ممووزی 2023) جۆن كێری، نێرده‌ی تایبه‌تی ئه‌مه‌ریكا بۆ گۆڕانی كه‌شوهه‌وا له‌میانی كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ شیێ چن هوا، نێرده‌ی چین بۆ گۆڕانی كه‌شوهه‌وا كه له په‌كینی پایته‌ختی چین به‌ڕێوه‌چوو رایگه‌یاند، پێویسته ئه‌مه‌ریكا و چین هه‌نگاوی راسته‌قینه بنێن بۆ ئه‌و چوار مانگه‌ی داهاتوو به‌رله‌وه‌ی كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانی تایبه‌ت به كه‌شوهه‌وا (كوپ28) كه بڕیار وایه له شاری دوبه‌ی به‌ڕێوه‌بچێت.
هه‌روه‌ها جۆن كێری هیوای خواست له ماوه‌ی سێ رۆژی داهاتوودا بتوانن هه‌ندێك هه‌نگاوی گه‌وره بنێن و په‌یامێك به جیهان بده‌ن سه‌باره‌ت به جیددیه‌تی چین و ئه‌مه‌ریكا بۆ رووبه‌ڕبووبوونه‌وه‌ی مه‌ترسی و هه‌ڕه‌شه‌كانی سه‌ر كۆی جیهان و مرۆڤایه‌تی. هاوكت كێری هانی چینی دا بۆ ئه‌وه‌ی هاوبه‌شی ئه‌مه‌ریكا بكات له كه‌مكردنه‌وه‌ی ده‌ردانی گازی میتانی و كاریگه‌رییه‌كانی وزه‌ی خه‌ڵووز به‌سه‌ر كه‌شوهه‌وادا.
له‌لای خۆیه‌وه شیێ چن هوا رایگه‌یاند، له‌گه‌ڵ جۆن كێری ده‌توانن رۆڵێكی ئه‌رێنی له باشبوونی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان واشنتۆن و په‌كین بگێڕن. جه‌ختیشیكرده‌وه، له بواری پاراستنی ژینگه و كه‌شوهه‌وادا، چین به‌ڵێنی كه‌مكردنه‌وه‌ی به‌كارهێنانی خه‌ڵووزی داوه، به‌ڵام له دوای ساڵی 2026.
سه‌ردانی جۆن كێری بۆ چین سێیه‌م سه‌ردانی به‌رپرسانی باڵای ئه‌مه‌ریكایه له ماوه‌ی چه‌ند هه‌فته‌ی رابردوودا بۆ ئه‌و وڵاته، هه‌وڵه‌كانیش بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوو وڵات به‌رده‌وامه.
پێشتر له ساڵی رابردوودا گفتوگۆكانی نێوان هه‌ردوو وڵات به‌هۆی سه‌ردانی نانسی بیلۆسی، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی ئه‌مه‌ریكا بۆ تایوان هه‌ڵپه‌سێردرا، به‌تایبه‌ت كه چین پێی وایه تایوان به‌شێكه له وڵاته‌كه‌ی و سه‌ردانییه‌كه‌ی بیلۆسی بۆ ئه‌و وڵاته به پێشێلكردنی سه‌روه‌رییه‌كه‌ی له‌قه‌ڵه‌مدا.