گۆتێرێس: بەهۆی هەڵپەساردنی رێککەوتنی دانەوێڵە سەدان ملیۆن کەس رووبەڕووی برسییه‌تی دەبنەوە

ئه‌نتۆنیۆ گۆتێرێس، سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان
ئه‌نتۆنیۆ گۆتێرێس، سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان

K24 – هەولێر:

نەتەوەیەکگرتووەکان ئاشکرای دەکات، هەڵپەساردنی رێککەوتنی دانەوێڵە لەلایەن رووسیا کاریگەری لەسەر سەدان ملیۆن کەس دەبێت. ده‌شڵێت: "بەهۆی هەڵپەساردنی رێککەوتنی دانەوێڵە سەدان ملیۆن کەس رووبەڕووی برسییه‌تی دەبنەوە".

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان رایدەگەیێنێت، کۆتاییهێنان بە رێککەوتنی دانەوێڵە لەلایەن رووسیاوە، جێگەی داخەو و بەهۆیەوە سەدان ملیۆن کەس رووبەڕووی برسییه‌تی دەبنەوە.

گۆتێرێس دەشڵێت، رێککەوتنی هەناردەکردنی دانەوێڵە لە رێگەی دەریای رەشەوە بۆ ئاسایشی خۆراکی جیهان زۆر گرنگە و کۆتاییهێنان بە رێککەوتنەکە کاریگەری لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک لە جیهان دەبێت و خەڵکێکی زۆر باجەکەی دەدەن.

پێشتریش میکایل مەککاول سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمه‌ریکا و بۆب مێنێندێز سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی پیرانی وڵاتەکە، بەیاننامەیەکی هاوبەشیان سەبارەت بە هەڵوێستی رووسیا لەبارەی رێککەوتننامەی گواستنەوەی دانەوێڵە بڵاوکردبووه‌وه‌.

لە بەیاننامه‌كه‌دا، سەرکۆنەی رووسیایان كرد، کە درێژکردنەوەی وادەی رێككه‌وتنی گواستنەوەی دانەوێڵە لە دەریای رەشی رەتکردووه‌ته‌وه‌، کە 17ـی ئه‌م مانگه‌ - تەمموز ماوه‌كه‌ی کۆتایی دێت.

له‌ به‌یاننامه‌كه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌شكرابوو‌،  به‌هۆی ئەم دەستپێشخەرییه‌، تا ئێستا 950 گەشت ئه‌نجامدراوه‌، بەهۆیەوە زیاتر لە 30 ملیۆن تۆن دانەوێڵە و پەین و کەلوپەلی خۆراک لە بەندەرەکانی ئۆکرانیاوە گواستراونەتەوە، لە کاتێکدا رووسیا بە درێژنەکردنەوەی، ئەم دەستپێشخەرییە سەرکەوتووەی خستووەتە مەترسییەوە، مۆسکۆ نیشانی دەدات و دەیەوێت خۆراک وەک چەکێکی جەنگ بەکاربهێنێت. ئەم هه‌نگاوه‌ی رووسیا مەترسی وشکەساڵی و بەرزبوونەوەی نرخ و تراژیدیای مرۆیی زیاد دەکات.

لە 22ی تەمموزی 2022دا، به‌چاودێری رەجەب تەیب ئەردۆغان، تورکیا، رووسیا، ئۆکرانیا و نەتەوەیەکگرتووەکان بەڵگەنامەی دەستپێشخەری ناردنی دانەوێڵە و ماددە خۆراکییەکانیان بەشێوەیەکی سەلامەت لە بەندەرەکانی ئۆکرانیاوە واژوو کرد.

رێککەوتنەکە کە پێشتر چەند جارێک درێژکراوەتەوە، لە 17ـی ئه‌م مانگه‌ تەمموزدا وادەکەی کۆتایی دێت.

بەرپرسانی رووسی ئاماژە بەوە دەکەن، کە هیچ ئەگەرێک بەدیناکەن بۆ درێژکردنەوەی وادەکەی.