ئانۆ جەوهەر بۆ کوردستان24: هیچ هێزێکی ئەمنی لە فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی جووڵەی پێنەکراوە

کوردستان24 زانیاری لەبارەی وەستانی گەشتە ئاسمانییەکانی هەردوو فڕۆکەخانەی هەولێر و سلێمانی بڵاودەکاتەوە

ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان
ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر:

لەبارەی وەستانی گەشتە ئاسمانییەکان لە هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەڵەتی هەولێر و سلێمانی، وەزیری گواستنەوە وگەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان تایبەت بۆ کوردستان24 رایگەیاند، هیچ کێشەیەکی ئەمنی نییە و وەستانی گەشتە ئاسمانییەکان بە بڕیارێکی دەسەڵاتی فڕۆکەوانی عێراقی بووە.

رۆژی دووشەممە (17ـی تەمموزی 2023)، ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، هیچ کێشەیەکی ئەمنی لە فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی نییە و وەستانی گەشتە ئاسمانییەکانیش پەیوەندی بە بڕیاری دەسەڵاتی فڕۆکەوانی عێراقەوە هەیە تا کاتێکی نادیار.

هاوکات ئانۆ جەوهەر رەتیکردەوە هیچ هێزێکی ئەمنی لە هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و سلێمانی جووڵەی پێکرابێت و جەختی لەسەر ئەوەشکردەوە، وەستانی گەشتە ئاسمانییەکان تا چەند کاتژمێری داهاتوو بەردەوام دەبێت و لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لەسەر هێلن بۆ چارەسەرکردنی ئەو بابەتە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە (17ـی تەمموزی 2023)، سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکان لە هەردوو فڕۆکەخانەی هەولێر و سلێمانی وەستان بەبێ ئەوەی دەسەڵاتی فڕۆکەوانی عێراق هۆکارەکەی روونبکاتەوە.

هەرچەندە بەشێک لە میدیاکان ئاماژەیان بە هۆکاری کێشەی ئەمنی دەکرد، بەڵام وەزیری گواستنەوەی و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان رەتیکردەوە هیچ کێشەیەکی ئەمنی لەو دوو فڕۆکەخانەیەدا هەبێت.