گەشتە ئاسمانییەکانی هەردوو فڕۆکەخانەی هەولێر و سلێمانی دەستیپێکردەوە

فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر

K24 – هەولێر:

دوای وەستانی بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک، گەشتە ئاسمانییەکان لە فڕۆکەخانەی هەولێر دەستیپێکردەوە.

رۆژی دووشەممە (17ـی تەمموزی 2023)، ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند، گەشتە ئاسمانییەکان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر دەستیپێکردەوە.

هاوکات وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کوردستان24 جەختی لەسەر دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان بەشێوەیەکی ئاسایی کردەوە.

لەمیانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ گەشتی دواهەواڵی کاتژمێر 23ـی کوردستان24، ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی هەولێر رایگەیاند، راگرتنی گەشتەکان پەیوەندی بە سەلامەتی گەشتە ئاسمانییەکانەوە هەبووە و رەتیکردەوە هیچ کێشەیەکی ئەمنی یان جووڵاندنی هێز لە فڕۆکەخانەی هەولێردا هەبووبێت.

لەبارەی هۆکاری راگرتنی گەشتەکانیش، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی هەولێر ئاماژەی بەوەشکرد، راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان لەسەر داوای وەزارەتی بەرگری عێراق بووە بەهۆی بوونی فڕۆکەیەکی جەنگی یاخود درۆنێک کە هاتووەتە ئاسمانی عێراقەوە، دوای تێبینیکردنی لەلایەن کۆمپانیای خزمەتگوزاری گەشتە ئاسمانییەکانەوە (GCANS).

بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر روونیکردەوە، 11 گەشتی ئاسمانی فڕۆکەخانەکە بەهۆی ئەو راگتنەوەوە دواکەوت و لەگەڵ کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی سەرقاڵی رێکخستنەوەی گەشتەکان و لە رێگەی هەماهەنگی لەگەڵ فڕۆکەخانەکانی دیکە کە گەشتی بۆ دەکەن کاتی گەشتەکان رێکدەخرێتەوە.

پێشتر ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، هیچ کێشەیەکی ئەمنی لە فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی نییە و وەستانی گەشتە ئاسمانییەکانیش پەیوەندی بە بڕیاری دەسەڵاتی فڕۆکەوانی عێراقەوە هەیە.

هاوکات ئانۆ جەوهەر رەتیکردەوە هیچ هێزێکی ئەمنی لە هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و سلێمانی جووڵەی پێکرابێت و جەختی لەسەر ئەوەشکردەوە، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لەسەر هێلن بۆ چارەسەرکردنی ئەو بابەتە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە (17ـی تەمموزی 2023)، سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکان لە هەردوو فڕۆکەخانەی هەولێر و سلێمانی وەستان بەبێ ئەوەی دەسەڵاتی فڕۆکەوانی عێراق هۆکارەکەی روونبکاتەوە.

هەرچەندە بەشێک لە میدیاکان ئاماژەیان بە هۆکاری کێشەی ئەمنی دەکرد، بەڵام وەزیری گواستنەوەی و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان رەتیکردەوە هیچ کێشەیەکی ئەمنی لەو دوو فڕۆکەخانەیەدا هەبێت.