بەریتانیا رەتیکردەوە دەستی لە تەقینەوەی پردی کریمیا هەبووبێت

تەقینەوەی پردی کریمیا
تەقینەوەی پردی کریمیا

K24 - هەولێر

وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا تۆمەتەکانی رووسیای رەتکردەوە کە هەواڵگری بەریتانیا دەستی هەبووبێت، لە هێرشە تیرۆریستییەکەی سەر پردی کریمیا.

بەگوێرەی میدیاکانی بەریتانیا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا رایگەیاندووە، "ئەمە قسە و باسێکی بێ بنەمایە لەلایەن رووسیا، ئێمەش بە لێدوان لەسەری بەهای زیاتری پێنادەین".

رۆژی دووشەممە، لێژنەی دژەتیرۆری رووسیا رایگەیاند، کە پردی کریمیا بە دوو بەلەمی بێ شۆفێر هێرشی تیرۆریستی کراوەتە سەر، ئاماژەی بەوەشکرد، کە هێرشەکە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی دوو کەس و برینداربوونی منداڵێک.

گوتەبێژی فەرمی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا، ماریا زاخارۆڤا رایگەیاند، هێرشی سەر پردی کریمیا لەلایەن کیێڤەوە ئەنجامدراوە، بەو پێیەی بڕیاری هێرشکردنەکە لەلایەن بەرپرسان و سەربازانی ئۆکرانیاوە دراوە، بە بەشداریی هەواڵگری ئەمریکی و بەریتانیا.