پرۆسەی رووپێویی ئابووریی و کۆمەڵایەتیی لە سەرتاسەری عێراق دهستیپێكرد

K24 - هەولێر:
وەزارەتی پلاندانانی عێراق، دەستپێکردنی پرۆسەی رووپێویی ئابووریی و کۆمەڵایەتیی لە پارێزگاکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان راگەیاند.
وەزارەتی پلاندانانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە، لەچوارچێوەی پرۆسەکەدا، تیمەکانی سەربە دەزگای ناوەندیی ئامار سەردانی ئەو خێزانانە دەکەن کە رووپێوەکە دەیانگرێتەوە.
راشیگەیاندووە، ئامانج لە پرۆسەکە، کۆکردنەوەی زانیارییە لەبارەی رێژەی ھەژاری، ئاستی بژێوی و رەوشی خزمەتگوازرییەکان.
وەزارەتی پلاندانانی عێراق داوای لەو خێزانانەی کە رووپێوەکە دەیانگرێتەوە کردووە، ھاوکاری توێژەران بکەن لە پێدانی داتای دروست، ئەوەش لە پێناو داڕشتنی پلانێک بە ئامانجی بەرەنگاربوونەوەی ھەژاری و باشترکردنی رەوشی خزمەتگوزارییەکان.
وەزارەتی پلاندانانی عێراق، دوایین پرۆسەی رووپێویی ئابووریی و کۆمەڵایەتیی لە ساڵی 2018دا ئەنجامدا.
بڕیاربوو لە ساڵی 2020دا، پرۆسەی رووپێویی ئابووریی و کۆمەڵایەتیی لەلایەن وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئەنجام بدرێت، بەڵام بەھۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە بۆ ساڵی 2022 دواخرا.
لە ساڵی 2022ش، بەھۆی نەبوونی بوودجەی پێویست پرۆسەکە ئەنجامنەدرا.
بەپێی دوایین ئامار کە لە مانگی نیسانی 2023 لەلایەن وەزارەتی پلاندانانی عێراقەوە بڵاوکرایهوه، رێژەی ھەژاری لە عێراق گەیشتووەتە سەدا 25 و رێژەی بێکاریش گەیشتووتەوە سەدا 15.