سەرۆکی ئیسرائیل لەسەر بانگهێشتی هاوتا ئەمه‌ریکییەکەی سەردانی کۆشکی سپی کرد

K24 – هەولێر:

سەرۆکی ئەمه‌ریکا دووپاتی دەکاتەوە، رێگە نادەن ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆم.

جۆ بایدن سەرۆکی ئەمه‌ریکا، بە ئیسحاق هێرزۆگ هاوتا ئیسرائیلییەکەی راگەیاند، رێگەنادەن ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆم.

ئاماژەی بەوەشدا، هەوڵێکی زۆریانداوە تا ناکۆکییەکانی ئیسرائیل و لوبنان چارەسەر بکەن.

جەختیشی لە پشتیوانی ئەمه‌ریکا بۆ ئاسایشی ئیسرائیل کردەوە.

ئیسحاق هێرزۆگ سەرۆکی ئیسرائیل لەسەر بانگهێشتی جۆ بایدن هاوتا ئەمه‌ریکییەکەی سەردانی کۆشکی سپی کرد و لەوێ گفتوگۆ لەسەر چالاکییەکانی ئێران دەکەن و هەروەها گفتوگۆ لەسەر قووڵترکردنی تێکەڵبوونی ئیسرائیل بە ناوچەکە دەکەن.

پاش ئەوەی ماڵپەڕی میدڵ ئیست ئای رایگەیاند، ئێران و ئەمه‌ریکا لەسەر زیندووکردنەوەی رێککەوتننامەی ئەتۆمی رێککەوتوون، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی و کۆشکی سپی ئه‌مه‌ریكا رایگەیاند، ئەم راپۆرتە هەڵە و چەواشەکارانەیە و جەختیشی کردەوە هەموو ئەو راپۆرتانەی باس لە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران دەکەن، ناڕاستن.

هاوکاتیش نوێنەری ئێران لە رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان راپۆرتەکەی میدڵ ئیست ئای رەتکردەوە و رایگەیاند، بۆچوونی ئیران لەم بارەیەوە هەمان بۆچوونی ئەمه‌ریکایە.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ ڕۆژنامەی هائارێتسی ئیسرائیلیش بە پشتبەستن بە لێدوانی ژمارەیەک بەرپرس لە وەزارەتی بەرگریی ئەم وڵاتە نووسیبووی، ئێران و ئەمه‌ریکا بەم زووانە لەسەر زیندووکردنەوەی رێککەوتننامەی ئەتۆمی رێکدەکەون.

پێشتریش ئه‌نتۆنی بلینكن وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا، له‌به‌رده‌م به‌رپرسانی كه‌نداو له‌ ریازی پایته‌ختی سعوودیه‌وه‌ وێڕای دووپاتكردنه‌وه‌ی پابه‌ندییه‌كانی بۆ وڵاتانی كه‌نداو، گوتبووی: "هێشتا ئه‌مه‌ریكا له‌ ناوچه‌كه‌دا بوونی هه‌یه‌، بۆ ئه‌وه‌ی بڵێت، به‌ قوڵی سه‌رقاڵی هاوبه‌شییه‌كانین له‌گه‌ڵ ئێوه‌دا".