ئەمنیستی هۆشداری لە بەرتەسکردنەوەی ئازادی رادەبڕین لە عێراق دەدات

"دوو پڕۆژەیاسای سەرکوتکار لەبارەی ئازادی لە پەرلەمانی عێراقن"

K24 - هەولێر

رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی (ئەمنیستی) رایده‌گه‌یه‌نێت، حکومەتی عێراق دوو پرۆژەیاسای پێشکەش بە پەرلەمان کردووەتەوە، ئەگەر پەسەند بکرێن ئه‌وا ئازادی رادەربڕین بەرتەسک دەکاتەوە.

بیسان فه‌قیه‌ به‌رپرسی هه‌ڵمه‌تی هه‌رێمی له‌ عێراق و یه‌مه‌ن له‌ رێكخراوی لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "هەوڵەکانی ئەم دواییەی دەسەڵاتدارانی عێراق بۆ سەرکوتکردنی ئازادی رادەربڕین، بێبایەخکردنی ئاشکرای ئەو قوربانییه‌ی عێراقییەکانه‌ لە خۆپیشاندانی ساڵی 2019دا کە بۆ دەستەبەرکردنی ئازادییەکانیان خوێنیان بۆ رشت".

ئاماژەی بەوەشکردووە "پێویستە حکومەتی عێراق دەستبەجێ ئەم دوو پڕۆژەیاسا سەرکوتکارە بکشێنێتەوە، په‌رله‌مانیش نابێت هیچ یاسایەک دەربکات کە مافی مرۆڤ بە شێوەیەکی ناڕەوا بەرتەسک بکاتەوە".

بیسان فه‌قیه‌، ده‌شڵێت "به‌پێی یاساكه‌ هه‌ر كه‌سێك له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه‌ بابه‌تێك بڵاوبكاته‌وه‌ و له‌به‌رژه‌وه‌ندی وڵات و ئابووری، سیاسی، سه‌ربازی و ئه‌منی بدات، ئه‌وا سزای به‌ندكردنی تاهه‌تایی و پێبژاردنی 50 ملیۆن دیناری عێراقی به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێنرێت".

Fly Erbil Advertisment