کوردستان24 کوردانی قەفقاس لە ئازەربایجان بەسەردەکاتەوە

ژمارەیەکی زۆری کورد لە ئازەبایجان دەژین

K24 - باکۆ

ژمارەیەکی زۆر لە کوردانی قەفقاسی لە ئازەبایجان دەژین، بەهۆی شەڕو ئاڵۆزییەکان و گەڕان بەدوای سەرچاوە ئابوورییەکان بەشێکیان بەرەو باکۆ کۆچیان کردووە، تیمێکی کوردستان24 سەردانی بەشێک لە کوردانی نیشتەجێبووی ئازەربایجان دەکات و باسی ئەو ئاستەنگ و نەهامەتییانە دەکەن کە بەسەریان هاتووە.

کوردانی باکۆ هەوڵدەدەن کولتوور و زمانی رەسەنی خۆیان بپارێزن، جەمیلە وەزیر ئافرەتێکی تەمەن 85 ساڵانە و باسی هاتنی مەلا مستەفا بارزانی و هاوەڵانی دەکات، کە لە کۆتایی چلەکانی سەدەی رابردوو روویان لەو وڵاتەکردووە، ئەو دەڵێت: "ئەوکاتە ژمارەیەک مرۆڤ هاتنە ماڵمان منیش پرسیم ئەوەیە کێن، گوتیان بارزانییەکانن، یەکێیان جەنەڕاڵ مەلا مستەفا بارزانییە".

دەشڵێت: "هیواخوازم بێمە هەرێمی کوردستان، کە ئێستا حکومەتی کوردستان لەوێ هەیە و گەورەی ئێمە هەیە کە کوڕی بارزانی نەمرە".

کوردێکی دیکەی نیشتەجێی باکۆ، بەناوی تاهیر سلێمان، نووسەر و رۆژنامەنووسە ئەو لە ماڵەکەی خۆی رۆژنامەیەک بەناوی دیپلۆمات ئامادە دەکات، رۆژنامەکە هەفتانە دەردەچێت و باسی بارودۆخ و پێشهاتەکانی کوردان دەکات ئەو بە کوردستان24ی گوت: "رۆژنامەکە بە چوار زمانی کوردی، تورکی، ئازەری و رووسی دەردەچێت، بەهۆی بارودۆخی دارایی ئێستا رۆژنامەکە لە ماڵەوە ئامادە دەکەم و بە تەنیام کاری تێدا دەکەم".