واشنتن: رێگری نەکردنی هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە پاراستنی باڵیۆزخانەی سوید جێگەی قبووڵ نییە

K24 – هەولێر:

ئەمەریکا "بە توندی" هێرشەکەی سەر باڵیۆزخانەی سوید لە بەغدای شەرمەزار کرد، کە لە کاتی خۆپیشاندانێکدا سووتێنرا و رێگری نەکردنی هێزە ئەمنییەکانی عێراقی لە پاراستنی بە "قبووڵنەکراو" زانی.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (20ـی تەمموزی 2023)، لە راگەیاندراوێکدا ، ماتیۆ میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاندووە، "قبووڵ ناکرێت کە هێزە ئەمنییەکانی عێراق کاریان نەکردبێت بۆ ئەوەی رێگە لە خۆپیشاندەران بگرن بچنە ناو باڵیۆزخانەی سوید و زیان بە باڵیۆزخانەی سوید بگەیەنن".

ئەم هەڵویستەی ئەمەریکا دوای ئەوە دێت، بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە (20ـی تەمموزی 2023)، لایەنگرانی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر، هەڵیاکوتایە سەر باڵیۆزخانەی سوید لە بەغدا و ئاگریان تێبەردا.

لە راگەیەندراوێکدا وەزارەتی دەرەوەی سوید رایگەیاند: "هەڵکوتانە سەر باڵیۆزخانەکەمان لە بەغدا دەستدرێژییە و عێراق بەرپرسیارە لە پاراستنی نێردە دیپلۆماسی و کارمەندەکانمان".

وەزارەتی دەرەوەی سوید باسی لەوەشکردووە: "دەستدرێژییە بۆسەر رێککەوتنی ڤییەنای تایبەت بە نێردە دیپلۆماسییەکان".

راشیگەیاندووە: "کارمەند و نێردە دیپلۆماسییەکانمان لە بەغدا سەلامەتن  و بۆشوێنیکی پارێزراو گواستراونەتەوە".

هاوکات وەزارەتی دەرەوەی عیراق بە توندی سەرکۆنەی هەڵکوتانە سەر باڵیۆزخانەی سویدی لە بەغدا کرد و بە دەستدرێژی بۆسەر کاری دیپلۆماسی وەسفکرد.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق لایەنە پەیوەندیدارەکانیشی راسپارد لێکۆڵینەوە لەو رووداوە بکەن و بکەرانی کارەکە دەستگیربکەن.

پێشتر لایەنگرانی سەدر هەڕەشەیان لە باڵیۆزخانەی سوید لە بەغدا کردبوو، ئەمەش دوای ئەوەی پەنابەرێکی بە رەگەز بەناوی سەلوان مۆمیکا،عێراقی لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید چەند جارێک قورئانی پیرۆزی سوتاند، ئەمەش لە عێراق و چەندین وڵاتی ئیسلامی کاردانەوەی لێکەوتەوە.

Fly Erbil Advertisment