لە ئەمەریکا رێوڕەسمێک بۆ ماڵئاواییکردن لە بەیان سامی عەبدولڕەحمان سازکرا
K24 – هەولێر:
رێوڕەسمێکی بەشکۆ بۆ ماڵئاواییکردن لە بەیان سامی عەبدولڕەحمان، کە نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو لە ئەمەریکا سازکرا، هەروەها تریفە عەزیز وەک نوێنەری نوێێ حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمەریکا دەستنیشانکرا.
بە ئامادەبوونی سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و تریفە عزیز نوێنەری نوێی حکومەتی هەرێم لە ئەمەریکا، رێوڕەسمێک بۆ ماڵئاواییکردن لە بەیان سامی عەبدولڕەحمان سازکرا، كە بۆ ماوەی هەشت ساڵ نوێنەری حکومەتی هەرێمی كوردستان بوو لە ئەمەریكا.
لە رێورەسمەكەدا کاربەدەستانی کۆشکی سپی، وەزارەتەكانی دەرەوە، بەرگری، ژمارەیەك لە کۆنگرێسمان، سێناتۆرەكان، دامەزراوە هزری، تینك تانکەکان، دۆستە ئەمەریکیەکان و رەوەندی كوردستانی ئامادەبوون.
لە بۆنەکەدا ئەمریكاییەكان بۆ ڕێزگرتن لە بەیان سامی عەبدولرەحمان دوو هەنگاویان نابوو كە سەرنجی ئامادەبووانی راكێشا كە بریتیبوون لە، سیناتۆر و دۆستی نزیکی کوردستان جاك رید سەرۆکی کۆمیتەی هێزە چەکدارەکان لە کۆنگرێسی ئەمەریکا لە رۆژی 13/07/2023 بە فەرمی داوای لە کۆنگرێسی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کردبوو کە ئاڵای وڵاتەکەیان لەسەر باڵەخانەی کۆنگرێسی ئەمەریکا وەك رێز و سپاس بۆ هەشت ساڵ خزمەتی دیپلۆماسی بەیان سامی عەبدولرەحمان وەك نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمەریکا هەڵبدرێ.
هەروەها، کۆنگرێسمان مایكێڵ واڵتز داوای كردوە وەكو رێزلێنان لە خەبات و تێكۆشانی بەیان سامی عەبدولڕەحمان ناوی ناوبراو لە تۆمارەكانی كۆنگرێسی ئەمەریكادا تۆمار بكرێت.
بەیان سامی عەبدولرەحمان ساڵی 1965 لە بەغدا لە دایک بووە، دواتر لەگەڵ بنەماڵەکەی ئاوارەی ئێران بووە. پاشان چوونەتە بەریتانیا و لە زانکۆی لەندەن مێژووی خوێندوە.
ناوبراو نوێنەری هەرێمی کوردستان بووە لە بەریتانیا و ئەمەریکا، هاوکات ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی بووە و ماوەیەک لەگەڵ رۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمز کاری کردوە و ئەو رۆژنامەیە بە "باڵیۆزێکی بێ وڵات" وەسفی کردووە.
لە پۆستی نوێشیدا، بەیان سامی عەبدولڕەحمان، وەكوو راوێژكاری پلەباڵای سەرۆكوەزیرانی كوردستان مەسرور بارزانی دەستنیشان كراوە، بۆ كاروباری سیاسەتی نێودەوڵەتی و كەشوهەوا.

.jpeg)