جۆن کێربی: کۆتایی ئەمساڵ سوپای ئۆکرانیا فڕۆکەی F-16 ی بەدەست دەگات

K24 - هەولێر:
جۆن کێربی، گوتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا رایگەیاند، کۆتایی ئەمساڵ ئەو کاتەیە کە سوپای ئۆکرانیا فڕۆکەی شەڕکەری F-16 ی بەدەست دەگات.
گوتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا راشیگەیاند، گرنگترین شت ئێستا ئۆکرانیا پێویستی بێت بەهێزکردنی سیستەمی ئاسمانی و مووشەکییەتی، هەربۆیە ئەمەریکا زۆرترین سەرنجی لەسەر ئەو دوو بابەتەیە.
جۆن کێربی باسی لەوەشکرد، واشنتۆن پاکێجێکی نوێی سزای بەسەر 120 کەسایەتی و لایەنی رووسیدا پەسەندکردووە و بەهاوکاری گرووپی حەوت هەوڵێ رێگریکردن لە گەیشتنی کەرەستەکانی دروستکردنی درۆن لە ئێرانەوە بە رووسیا دەدەن.
لەلایەکی دیکەوە ڤۆلۆدیمیر زیلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا رایگەیاند، رووسیا لەماوەی چوار رۆژدا 70 مووشەک و 90 درۆنی ئێرانی خۆتەقێنەرەوەی ئاراستەی بەندەری ئۆدێسا کردووە.
راشیگەیاند، بەرگری ئۆکرانیا هێشتا ئەوەندە بەهێز نییە بتوانێت ئاسمانی وڵات بەتەواوی بپارێزێت.