وڵاتان سەرکۆنەی سوکایەتیکردن بە قورئانی پیرۆز دەکەن

K24 – هەولێر:
بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی دژی سوکایەتیکردن بە قورئان لەسەر خاکەکەی، هەریەکە لە سعوودیە و ئێران و قەتەر باڵیۆزی سویدیان لەو وڵاتەکانیان بانگهێشتکرد و ناڕازایەتی خۆیان سەبارەت بە رێگەدان بۆ سوکایەتیکردن بە قورئان لە ستۆکهۆڵم دەربڕی.
لە لایەکی دیکەوە، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا و ئوردن بە توندی سەرکۆنەی سوکایەتیکردن بە قورئانی لەبەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە ستکۆکهۆڵم کرد.
هاوکات، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز سکرتێری گشتی نەوتەوەیەکگرتووەکان، هاوسۆزی خۆی بۆ موسڵمانان دەربڕی و سەرکۆنەی گوتاری رقئامێزی و توندی بەرامبەر ئایینی ئیسلام کرد.
بەگوێرەی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی بڵاوکراوەتەوە، سهلوان مۆمیكا، ههمان ئەو کەسەی کە لە یەکەم رۆژی جەژنی قورباندا كۆپییهكی قورئانی پیرۆزی سووتاند، دوێنێ لهبهردهم باڵیۆزخانهی عێراق له ستۆكهۆڵم بێڕێزی بە کۆپییەک لە قورئانی پیرۆز و ئاڵای عێراق و وێنەی موقتەدا سەدر کرد، بەڵام وەک ئەوەی پێشتر بانگەشەی بۆ کردبوو، کۆپییەک لە قورئانی پیرۆزی نەسووتاند.