پۆلیسی هەولێر دانپێدانانی بکوژانی گەنجەکەی بەحرکە ئاشکرادەکات

دوو تۆمەتبارەکە دوای دەستگیرکردنیان لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر
دوو تۆمەتبارەکە دوای دەستگیرکردنیان لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر

K24 – هەولێر:

دوای ئەوەی رۆژی سێشەممەی رابردوو گەنجێک لە ناحیەی بەحرکەی سنووری پارێزگای هەولێر لە رووداوێکی نادیاردا کوژرا، پۆلیسی هەولێر بە هەماهەنگی لەگەڵ دژەتیرۆری کوردستان و ئاسایشی هەولێر، تۆمەتبارەکان دەستگیردەکات و دانپێدانانەکەیان ئاشکرا دەکات.

لە بەدواداچوونێکی ئالان زەندی، رۆژنامەنووس لە کوردستان24، پۆلیسی هەولێر دوای دەستگیرکردنی ئافرەتێک کە هاوژینی کوژراوەکەیە، دانیناوە بەوەی لەگەڵ کەسێکدا سیناریۆی کوشتنی هاوژینەکەی داناوە کە پەیوەندییان لەگەڵ یەکدا هەبووە و ویستوویانە پێکەوە بچنە دەرەوەی وڵات.

دوای دەستگیرکردنی ئافرەتەکەش، ئەو کەسەی تاوانەکەی ئەنجامداوە، هەوڵیداوە بەرەو شاری موسڵ هەڵبێت، بەڵام لەلایەن دژەتیرۆری کوردستان و ئاسایشی هەولێرەوە دەستگیر دەکرێت و رادەستی پۆلیسی هەولێر دەکرێت، بە مەبەستی گرتبەبەری رێکاری یاسایی.

بەپێی ئەو دانپێدانانەی ئەو دوو تۆمەتبارە باسیان کردووە و کوردستان24 بڵاویکردووەتەوە، ئەو ئافرەتە باس لەوە دەکات، کە سیناریۆی کوشتنی هاوژینەکەی داناوە و ویستوویانە ئۆتۆمبێل و خانووەکەیان بفرۆشن و لەگەڵ منداڵەکانیدا پێکەوە لەگەڵ ئەو کەسە بچنە دەرەوەی وڵات.

هەروەها تۆمەتباری ئەنجامدەری ئەو تاوانەش لە دانپێدانانەکەی ئاماژەی بەوەکردووە، ئەو شەوەی تاوانەکەی ئەنجامداوە، لەلایەن ئەو ئافرەتەوە ئاگادارکراوتەوە و دوای کوشتنی ئەو گەنجەش، ئافرەتەکەی بەستووەتەوە لەسەر داوای خۆی کە سیناریۆی بۆ دانابوو، تا راستی رووداوەکە لە خەڵک و دەزگا ئەمنییەکان بشارنەوە.

رۆژی پێنجشەممە (20ـی تەمموزی 2023)، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر بۆ کوردستان24، دەستگیرکردنی بکوژانی هاووڵاتییەکەی ناحیەی بەحرکەی لەلایەن هێزەکانیانەوە راگەیاند و ئاماژەی بەوەشکرد، بە فەرمانی دادوەر و بە ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی دەستگیرکراون.

رۆژی سێشەممە (18ـی تەمموزی 2023) هاووڵاتییەک لە ناحیەی بەحرکە لە ماڵەکەی خۆیدا کوژرا و وابڵاوکرایەوە کە لەلایەن سێ کەسەوە ئافرەتەکە دەبەستنەوە و دواتر بەچەقۆ لە گەنجەکە دەدەن و بەسەختی بریندار دەبێت، لەپاشان گەنجەکە دەبرێتە نەخۆشخانە لەوێ بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیان لەدەستدەدات.

Fly Erbil Advertisment