سەرۆکی گرووپی ڤاگنەر: بەردەوام دەبین لە چالاکییەکانمان لە ئەفریقا

یەڤگینی پریگۆجین، دامەزرێنەری کۆمپانیای ئەمنیی ڤاگنەر (ئەرشیف)
یەڤگینی پریگۆجین، دامەزرێنەری کۆمپانیای ئەمنیی ڤاگنەر (ئەرشیف)

K24 - هەولێر

یەڤگینی پریگۆجین، دامەزرێنەری کۆمپانیای ئەمنیی ڤاگنەر رایگەیاند، بەردەوام دەبن لە شەڕکردن لەو وڵاتانەی ئەفریقا کە لە ئێستادا تێیدا چالاکن.

یەڤگینی پریگۆجین سەبارەت بە داهاتووی کۆمپانیای ڤاگنەر لێدوانی بۆ کەناڵی تەلەڤیزیۆنی Afrique Media TVدا و رایگەیاند، لە هەموو ئەو وڵاتانەی کە ئێستا تێیدان بەردەوام دەبن لە چالاکییەکانیان و هیچ گۆڕانکارییەک لە بەرنامەکانیاندا ناکەن.

سەرۆکی گرووپی ڤاگنەر لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش دا، ئەگەر پێوست بکات لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریشدا ئامادەن بۆ وه‌رگرتنی ئەرک.

یەڤگینی پریگۆجین، دامەزرێنەری کۆمپانیای ئەمنیی ڤاگنەر و چەکدارەکانی لە مانگی حوزەیرانی رابردوودا یاخیبوونی چەکدارییان دژ بە حکوومەتی رووسیا دەستپێکرد.

دوای ئەوەی پریگۆجین چووە بێلاڕووس، لوکاشینکۆ ئاماژەی بەوە دا کە سوپای بێلاڕووس دەتوانێت سوود لە ئەزموونی چەکدارانی ڤاگنەر وەربگرێت. پریگۆجین ئەم پێشنیارەی قبوڵکرد و رایگەیاند، چەکدارەکانی بۆ ماوەیەک لە بێلاڕووس دەمێننەوە.

دوای یاخیبوونەکە پرسیار لەبارەی داهاتووی ڤاگنەر لە ئەفریقا دەکرا، دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە چەکدارانی ئەو کۆمپانیایە لە کۆماری ئەفریقای ناوەڕاست کشاونەتەوە، ئەم بانگەشانە لەلایەن کاربەدەستانی کۆماری ئەفریقای ناوەڕاست رەتکرانەوە.

سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا رۆژی 26ی حوزەیران رایگەیاند کە ڤاگنەر لە ئەفریقا دەمێنێتەوە.

Fly Erbil Advertisment