یەحیا رەسوڵ: هەموو نێردە دیپلۆماسییەکان دەپارێزین

K24 - هەولێر

گوتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان رایگەیاند، رێوشوێن گیراوەتەبەر بۆ پاراستنی هەموو نێردە دیپلۆماسییەکان کە لە عێراق کاردەکەن، لە کاتێکدا جەختی لەوە کردەوە، کە حکومەت و هێزە چەکدارەکان پابەندن بە رێککەوتنامەی ڤیەننا لەسەر پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان.

یەحیا رەسوڵ، گوتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، "ئەرکی هێزە ئەمنییەکان لەژێر رێنمایی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان محەمەد شیاع سوودانی بریتییە لە پاراستنی هەموو نێردە دیپلۆماسییەکان"، گوتیشی: "هێزە چەکدارەکانی عێراق هەموو رێوشوێنێکیان گرتووەتەبەر بۆ پاراستنی هەموو ئەو نێردە دیپلۆماسییانەی کە لە عێراق کاردەکەن، بە پێی رێککەوتنامەی ڤیەننا کە عێراق وەک حکومەت و هێزە چەکدارەکان تێیدا پابەندە".

ئاماژەی بەوەشکرد: "هێزەکانی عێراق لە چوارچێوەی یاسا و دەستووری عێراقدا بوونیان هەیە و پابەندن بە پاراستنی هەموو موڵک و نێردە دیپلۆماسییە گشتی و تایبەتەکان لەسەر خاکی عێراق".

راشیگەیاند، "ئازادی رادەربڕین ئازادییەکی سروشتییە بەپێی دەستووری عێراق و ئێمە رێز لە ئازادی رادەربڕین دەگرین لە چوارچێوەی یاساییدا، ئەمەش ئەوەیە کە سەرکردایەتی سەربازی و حکومەتی عێراق پشتڕاستی دەکەنەوە، بەڵام رێگە نادەین دەستدرێژی بکرێتە سەر موڵکی گشتی و تایبەت و نێردە دیپلۆماسییەکان".

Fly Erbil Advertisment