خامهنەیی: سوید شەڕی دژ بە جیهانی ئیسلامی راگهیاندووه
K24 – هەولێر:
رێبەری ئێران، ئایەتوڵڵا عەلی خامهنەیی ئاماژەی بەوە کرد، سوید بە رێگەدان بە سووتاندنی قورئانی پیرۆز، شەڕی دژ بە جیهانی ئیسلامی راگهیاندووه.
لە پەیامێکیدا سەبارەت بە دووبارەبوونەوەی بێڕێزییكردن بۆ سەر قورئانی پیرۆز لە سوید، خامهنەیی باسی لەوە کرد، ئەو هێرشانە پیلانگێڕین و رووداوگەلی مەترسییدارن.
خامهنەیی داوای لە سوید کرد، بکەرانی ئەو هێرشانە رادەستی سیستمەکانی دادوەری وڵاتانی ئیسلامی بکات و، گوتی: ''هەموو زانایانی ئیسلام هاوڕان لەسەر سەپاندنی قورسترین سزا بەسەر ئەو کەسانەی هێرش دەکەنە سەر قورئانی پیرۆز".
رێبەری باڵای ئێران لە پەیامەکەیدا رایگەیاند: "سوید بە پشتیوانیکردن لە تاوانبار شەڕی دژ بە جیهانی ئیسلامی راگهیاندووه، پێویستە بزانێت کە رق و دوژمنایەتی زۆرێک لە گەلان و وڵاته موسڵمانەکان بۆ خۆی رادەکێشێت".
دهشڵێت "پێویستە پیلانگێڕانی پشت پەردەش بزانن، کە رێز و شکۆ و پیرۆزیی قورئانی پیرۆز رۆژ لە دوای رۆژ لە زیادبووندایە".
رۆژی 28ى حوزەیرانى 2023، کە هاوکات بوو لەگەڵ یەکەم رۆژی جەژنی قوربان "حاجییان"، پەنابەرێکی عێراقی لە سوید بەناوى (سەلوان مۆمیکا) لەبەردەم مزگەوتی گەورەی ستۆکهۆڵمی ئەو وڵاتە، "قورئانی پیرۆز"ی سووتاند.
ئهو رهفتاره لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی کاردانەوەی لێکەوتەوە و بەشێک لە سوێدییەکانیش دژی ئەو کارە وەستانەوە.
(سهلوان مۆمیكا) ههمان ئەو کەسەی کە یەکەم رۆژی جەژنی قوربان كۆپییهكی قورئانی پیرۆز و ئاڵای عێراق لهبهردهم باڵیۆزخانهی عێراق له ستۆكهۆڵم سووتاند، دووبارە بێڕێزی بهرامبهر قورئانی پیرۆز كرد و وێنهی موقتهدا سهدر، رێبهری رهوتی سهدری سووتاند.