زێلێنسکی: لەگەڵ سکرتێری گشتی ناتۆ جەختمان لەسەر کردنەوەی رێڕەوی دانەوێڵە کردەوە

K24 – هەولێر:

ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا رایگەیاند، کە تەلەفۆنی بۆ یانس ستۆڵتنبێرگ سکرتێری گشتی ناتۆ کردووە سەبارەت بە کردنەوەی رێڕەوی هەناردەکردنی دانەوێڵە لە دەریای رەشدا قسەیان کردووە، ئەمەش دوای چەند رۆژێک لە کۆتایی هاتنی رێککەوتنێک لەگەڵ رووسیا لەو بارەیەوە.

ئەمڕۆ شەممە (22ـی تەمموزی 2023)، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، لە تویتێکدا روونیکردەوە، "ئێمە دەستنیشانمان کردووە  لەگەڵ یانس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتی ناتۆ، کارە لە پێشینەیەکان و هەنگاوەکانی داهاتوو کە پێویستن بۆ کردنەوە و بەردەوامی رێڕەوی دانەوێڵە لە دەریای رەشدا."

رۆژی دووشه‌ممه‌ی رابردوو 17ـی ته‌ممووزی 2023، رووسیا كشانه‌وه‌ی خۆی له‌ رێككه‌وتنی دانه‌وێڵه‌ له‌ رێگه‌ی ده‌ریای ره‌شه‌وه‌ راگه‌یاند و هاوكات ره‌خنه‌شی له‌ هه‌نارده‌نه‌كردنی بڕی پێویستی دانه‌وێڵه‌ی ئۆكرانی بۆ وڵاتانی هه‌ژار گرت.

لە 22ی تەمموزی 2022دا، به‌چاودێری رەجەب تەیب ئەردۆغان، تورکیا، رووسیا، ئۆکرانیا و نەتەوە یەکگرتووەکان بەڵگەنامەی دەستپێشخەری ناردنی دانەوێڵە و ماددە خۆراکییەکانیان بەشێوەیەکی سەلامەت لە بەندەرەکانی ئۆکرانیاوە واژوو کرد.

رێککەوتنەکە کە پێشتر چەند جارێک درێژکراوەتەوە، لە 17ـی ئه‌م مانگه‌ تەمموزدا وادەکەی کۆتایی هات.

رۆژی سێشه‌ممه‌ 18ـی ته‌ممووزی 2023، جۆن کێربی رێکخەری پەیوەندییە ستراتیژییەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی کۆشکی سپی، بڕیاری کشانەوەی رووسیای لە رێککەوتننامەی رێڕەوی دانەوێڵەی دەریای رەش بە "نابەرپرسیارانە و مەترسیدار" ناوبرد و جه‌ختی له‌وه‌كرده‌وه‌ ئەم بڕیارە دەبێتە هۆی خراپتركردنی دۆخی نه‌بوونی خۆراک و زیان بە ملیۆنان کەسی بێده‌ره‌تان لە سەرانسەری جیهاندا دەگەیەنێت.

کێربی ئاماژەی به‌وه‌كرد دەستپێشخەریی رێڕەوی دانەوێڵەی دەریای رەش "بۆ کەمکردنەوەی نرخی خۆراک، کە بەهۆی جه‌نگی بێبه‌زه‌ییانه‌ی رووسیا بۆ سه‌ر ئۆکراینا بەرزبووەتەوە، گرنگییه‌كی ئێجگار زۆری هه‌یه‌" و ئاماژەی بە بایه‌خی ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ بۆ وڵاتانی تازەپێگەیشتوو و هەژار كرد.

رێکخەری پەیوەندییە ستراتیجییەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی کۆشکی سپی باسی له‌وه‌ كرد، "بڕیاری سه‌رله‌نوێ دەستپێکردنەوەی گەمارۆی کاریگەری رووسیا لەسەر بەندەرەکانی ئۆکراینا و رێگرییکردن لە گەیشتنی دانەوێڵە به‌ بازاڕه‌كانی جیهان" کاریگەری لەسەر دانیشتووانی هەموو جیهان دەبێت و رایگه‌یاند: "رووسیا بە تەواوی و به‌ تایبه‌تی بەرپرسیار دەبێت لە دەرئەنجامەکانی ئەم په‌لاماره‌ سه‌ربازییه‌".

 

Fly Erbil Advertisment