تا ئێستا سەرۆکایەتی ژمارەیەک لیژنەی پەرلەمانی عێراق یەکلایی نەکراوەتەوە

K24 – هەولێر:
تا ئێستا لایەنە سیاسییەکانی پەرلەمای عێراق لەسەر دابەشکردنی سەرۆکایەتی چوار لیژنەی پەرلەمانی نەگەیشتوونەتە رێککەوتن و کاروبارەکانی لیژنەکانیش لەلایەن بە تەمەنترین ئەندامانی پەرلەمانەوە بەڕێوە دەبردرێت.
لەلایەن خۆیەوە، حوسێن یەساری، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە چوارچێوەی هەماهەنگی رایگەیاندووە، هۆکاری دواکەوتنی ناونانی ژمارەیەک لیژنەی پەرلەمان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە هێشتا سەرۆکایەتییان بۆ دیارینەکراوە.
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەشکردووە، لە سەرەتای دەستپێکردنی خولی نوێی پەرلەمانی عێراق، بەهۆی بەشداریکردنی ئەندامانی پەرلەمان لە لیژنە سەرەکییەکان، ئەو چەند لیژنەیە بەجێهێڵدرا و ئێستاش ئەو لیژنانە لەلایەن ئەندامانی بەتەمەنی پەرلەمانەوە بەڕێوەدەبردرێن.
لەبارەی ئەو لیژنانەی پەرلەمانی عێراق کە تاوەکو ئێستا سەرۆکایەتی لیژنەکانیان یەکلایی نەکراوەتەوە، یەساری رایگەیاندووە، لیژنەکانی ئەوقاف و عەشیرەتەکان، شەهیدان و زیندانیانی سیاسی، رۆشنبیری و راگەیاندن، وەرزش و لاوان. کە دابەشکاریی نێوان پارتەکان و رێکنەکەوتنیان، هۆکاری دیارینەکردنی سەرۆک و جێگری سەرۆک بووە بۆ ئەو لیژنانە.
پەرلەمانی عێراق له 25 لیژنهی ههمیشهیی پێكهاتووه و لە (28 و 29ـی کانوونی دووەمی 2023)، سەرۆکایەتی زۆربەی لیژنەکانی پەرلەمانی عێراق، وەک ئەوەی پێشتر لەنێوان لایەنەکانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت رێککەوتنی لەسەرکرابوو، هەڵبژێردران.
دوای ئەوەی لە (10ـی ئۆکتۆبەری 2021)، هەڵبژاردنەکانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو بۆ هەڵبژاردنی 329 پەرلەمانتار، لە (9ـی کانوونی دووەمی 2022)، پەرلەمانی عێراق یەکەم دانیشتنی خۆی ئەنجامدا و دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق هەڵبژێردرا.
دوای ساڵێک لە هەڵبژاردنەکانیش پەرلەمانی عێراق سەرۆککۆماری هەڵبژارد و دواتریش لە (13ـی ئۆکتۆبەری 2022)، محەممەد شیاع سوودانی کاندیدی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ پێکهێنانی حکومەت راسپێردرا.
هەروەها رۆژی (27ـی ئۆكتۆبهری 2022)، به ئامادهبوونی (253) پهرلهمانتار، ئهنجوومهنی نوێنهرانی عێراق متمانهی به بهشێك له كابینهكهی محهممهد شیاع سوودانی بهخشی.