فوئاد ئەحمەد: ئەوانەی دارستانەکان دەسووتێنن سزا دەدرێن

فوئاد ئەحمەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی گشتی پۆلیسی ژینگە و داراستنی هەرێم
فوئاد ئەحمەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی گشتی پۆلیسی ژینگە و داراستنی هەرێم

K24 – هەولێر:

بەڕێوەبەری راگەیاندنی گشتی پۆلیسی ژینگە و داراستنی هەرێم، رایدەگەیەنێت، زۆرینەی ئەو ئاگرانەی کە لە دارستانەکان روودەدات بە دەستی ئەنقەست لەلایەن هاووڵاتییانەوە دەکرێنەوە، هاوکات گوتیشی: ئەوانەی دارستانەکان دەسووتێنن سزا دەدرێن.

فوئاد ئەحمەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی گشتی پۆلیسی ژینگە و داراستنی هەرێم، لە میانەی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24، رایگیاند، زۆرینەی ناوچە کشتوکاڵیەکانی کوردستان ساڵانە دووجار چاندی بۆ دەکرێت ، کاتێک کە پووش و پاوانانە دەسوتێت لە کۆنتڕۆڵ دەردەچێت،  کاتێک لە کۆنتڕۆڵ دەرچوو دەبێتە هۆی سووتاننی دارستانەکان بە شێوەکی گشتی.

هەروەها راشیگەیاند، %80 ئاگر کەوتنەوەکانی ئەمساڵ بەشێوەکی دەستکرد بووە، واتە هاووڵاتییان بوونەتە هۆکاری ئاگر کەووتنەوە، هاوکات بەشێک لەو ئاگرانەی کە کراونەتەوە لە کۆنتڕۆڵ دەرچوونە و بوونەتە هۆی سووتانی بەشێک لە دارستانەکان.

ئاماژەی بەوەدا، پێویستە هاووڵاتیان پیش ئەوەی پووش و پاوانەکان بسوتێنن، بەڕیوەبەرایەتی  پاوان و دارستان ئاگەداربکەنەوە، هەروەها دەبێت پۆلیسی دارستان ئاگەدار بکەنەوە، چونکە پێویستیان بەوەیە سەرتا رێنمایی وەربگرن و مۆڵەتیان پێبدرێت ئینجا دەست بکەن بەو کارە.

لەبارەی سووتانی دارستانەکان، بەڕێوەبەری راگەیاندنی گشتی پۆلیسی ژینگە و داراستنی هەرێم، گوتی: "ئەگەر هاووڵاتییان دارستانەکان بسووتێنن، بەپێێ یاسیای داراستان و ژینگە هەڵسوکەوتیان لەگەڵدا دەکرێت، سووتانی هەر دارستانێک بە پێی یاسا هەر لەکاتی کۆکردنەوەی داتاکان کە چەند دار سووتاوە و تەمەنی دارەکان چەندبووە، خەمڵاندنی بۆ دەکرێت و پێویستە لەسەر کەسەکە بەپێبژاردن قەرەبووی سووتانەکە بداتەوە".

گوتیشی: "بەپێی جۆری دارەکە قەرەبووەکە لە کەسەکە وەردەگیرێت، بەپێی جۆری دارەکانیش قەرەبووەکان جیاوازن، هەندێک جار 500 هەزار بۆ 600 هەزار لە کەسێک وەردەگیرێت بۆ سووتانی یەک دار، ئەگەر هاتوو دارەکانی ئەوانی سووتابوون ژمارەیان زۆربوو و تەمەنی دارەکانیش زۆربوو رێژەی قەرەبووکردنەوەکە زۆر زیاتر دەبێت، هەروەها لەبەرامبەر سووتانی دارێک، دەبێت دوو دار بێننەوە و شوێنێکیان بۆ دیاری دەکرێت دەبێت لێی بچێنن".

فوئاد ئەحمەد، روونیکردەوە، هەموو ساڵێک پێش دەستپێکی سووتاندنی پووش و پاوانەکان کۆمەڵێک رێکار و یاسا دەردەچێت، بە هەماهەنگی وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی کشتوکاڵ، هەروەها هەموو ساڵێک لەناوچە شاخاوییەکان و دارستانەکان هێڵی ئاگربڕ دروستدەکرێت، لەپێناو تەشەنە نەکردنی ئاگرەکە و زووتر کۆنتڕۆڵکردنی.

لەبارەی هەماهەنگی و پاڵپشتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کارەکانیان، بەڕێوەبەری راگەیاندنی گشتی پۆلیسی ژینگە و داراستنی هەرێم، گوتی: "لە کابینەی نۆیەمدا حکومەت زۆر هەماهەنگ و پاڵپشتی ژینگە بووە، بە دابینکردنی کۆمەڵێک ئامێری نوێ و کۆمەڵێک خولی باش و دابینکردنی ئۆتۆمبێل چەندان شتی دیکە".

گوتیشی: "داواکارییمان لە حکومەت ئەوەیە بۆ ناوچە شاخاوییەکان پێویستمان بە هەلیکۆپتەرە بۆمان دابین بکات بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگر، چونکە کاتێک ئاگر دەکەوێتەوە لە ناوچە شاخاوییەکان، زۆرجار بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی لە رێگەی هەلیکۆپتەرەکانیانەوە بە هانامانەوە دێن".

لە درێژەی قسەکانیشیدا، جەختی لەوەکردەوە، بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاگر پێویستیان بە هۆشیارییە و بەردوامیشن لە هۆشیارکردنەوەی خەڵکی ناوچە شاخاویەکان، بەردەوام خولیان بۆ دەکەنەوە.

Fly Erbil Advertisment