تاڵیبان لەسەر دەنگۆی چوونی سەرکردەکانی داعش بۆ ئەفغانستان هاتەدەنگ

عەبدولقەهار بەڵخی
عەبدولقەهار بەڵخی

K24 - هەولێر:

وەزیری دەرەوەی ئێران لە چەند رۆژی رابردوودا باسی لەوەکرد، سەرکردەکانی رێکخراوی داعش چووەنەتە ئەفغانستان و گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تاڵیبانیش لەوبارەیەوە رایگەیاند، تۆمەتەکانی وەزیری دەرەوەی ئێران رەت دەکەنەوە.

عەبدولقەهار بەڵخی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تاڵیبان لە تویتێکدا گوتی: ئێمە تۆمەتەکانی وەزیری دەرەوەی ئێران رەتدەکەینەوە، کە دەڵێت سەرکردەکانی رێکخراوی داعش لە عێراق و سوریا و لیبیاوە هاتوونەتە ئەفغانستان، میرنشینی ئیسلامی ئەفغانستان (تاڵیبان) بەردەوام لە دژی داعش شەڕی کردووە.

عەبدولقەهار بەڵخی جەختی کردەوە لەوەی، ئەوان رێگە بە هیچ کەسێک نادەن هەڕەشە لە ئاسایشی نەتەوەیی ئەفغانستان بکات، یان خاکەکەیان لە دژی ئەوانی دیکە بەکاربهێنێت.

حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران لە چەند رۆژی رابردوودا بانگەشەی ئەوەی کردبوو، چەند مانگێک لەمەوبەر سەرکردەکانی داعش لە عێراق، سوریا و لیبیا رەوانەی ئەفغانستان کراون.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تاڵیبان لە وەڵامی تۆمەتەکانی وەزیری دەرەوەی ئێراندا دەڵێت: بەرپرسانی ئێران لەبری ئەوەی دەنگۆی ناڕاست لەبارەی ئەفغانستانەوە بڵاوبکەنەوە، باشتر وایە زیاتر سەرنجیان لەسەر پەیوەندییە ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتییە بنیاتنەرەکانی نێوان وڵاتانی دراوسێ و دۆستەکانیان بێت.