بڕیارە دەروازەیەکی نوێی سنووری لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بکرێتەوە

دەروازەی سنووری تەمەرچین، وێنە: تەیفور محەممەد - کوردستان24
دەروازەی سنووری تەمەرچین، وێنە: تەیفور محەممەد - کوردستان24

K24 - هەولێر:

شاندێکی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان سەردانی دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران دەکات و بڕیارە لەبارەی کردنەوەی دەروازەیەکی سنووری لەگەڵ پارێزگاری هەولێر و سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران گفتوگۆ بکەن.

بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، سەردانی ئەمجارەی شاندی پارێزگای ورمێ و کۆبوونەوەی لەگەڵ پارێزگاری هەولێر و سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، تەواوکەری ئەو کۆبوونەوەیە دەبێت کە لەماوەی رابردوودا شاندێکی هەرێمی کوردستان لە رۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ بەرپرسانی شاری ورمێ ئەنجامیاندا.

محەممەد سادق موعتەمیدیان، پارێزگاری ورمێ بە یاوەریی شاندێک لە دەروازەی سنووری تەمەرچینەوە دێتە دەروازەی سنووری حاجی ئۆمەران و لەلایەن ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران پێشوازی لێدەکرێت.

یەکێک لەو بابەتانەی لە کۆبوونەوەکە گفتوگۆی لەبارەوە دەکەن، دەروازەی نێودەوڵەتی کێلەشینە، کە دەکەوێتە سنووری قەزای سیدەکان، هەروەها بڕیار وایە قسە لەسەر دەروازەیەکی دیکەی سنووری بکرێت کە لەو دەڤەرە بکرێتەوە، ئەمەش دەبێتە دووەم دەروازەی سنووری کۆماری ئیسلامی ئێران لە سنووری پارێزگای هەولێر، بە دیاریکراویش هەردوو دەروازە سنوورییەکە لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەبن.

یەکێکی دیکە لەو بابەتانەی ئەمڕۆ لە دیداری نێوان شاندی پارێزگای ورمێ لەگەڵ پارێزگاری هەولێر و سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت، هاتنی سەردانیکەرانی شیعە مەزهەبی ئێرانییە لەرێگەی دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەرانەوە بۆ هەرێمی کوردستان کە لێرەوە دەچنە شارەکانی نەجەف و کەربەلا.

Fly Erbil Advertisment