فەوزی هەریری بۆ کوردستان24: هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە مانگی شوباتی 2024 ئەنجام دەدرێت

فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان
فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر:

سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ گشت لایەنە سیاسییەکان لە هەماهەنگیدایە بۆ دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە مانگی شوباتی 2024.

رۆژی یەکشەممە (23ـی تەمموزی 2023)، فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 ئاماژەی بەوەکرد، بۆ بڕیاردان لەسەر وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، هەماهەنگی لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەکەن.

سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد، هەرچەندە دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە دەسەڵاتی سەرۆکی هەرێمدایە، بەڵام سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دەیەوێت ئەو وادەیە بە هەماهەنگی هەموو لایەنەکان بێت، بۆ ئەوەی هەمووان پابەندبن بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی لەو وادەیەی دیاریدەکرێت.

هەروەها فەوزی هەریری ئاشکراشیکرد، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە مانگی شوباتی 2024ـدا ئەنجام دەدرێت و جەختی لەسەر ئەوەشکردەوە، وادەی هەڵبژاردنەکە لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە دیاریدەکرێت و هەر لە مانگی شوباتدا دەبێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە، رۆژی (19ـی تەمموزی 2023)، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق پێشنیازی کرد رۆژی (18ـی شوباتی 2024) یان رۆژێکی دوای ئەو رێکەوتە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدرێت و جەختی لەسەر ئەوەشکردەوە کە ناتوانن هەردوو هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق و پەرلەمانی کوردستان لەیەک کاتدا بەڕێوەببەن.

ەو وەڵامەی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق دوای ئەوە هات کە رۆژی (10ـی تەمموزی 2023)، سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان نووسراوێکی ئاراستەی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق کرد و ئاماژەی بەوەکرد به‌پێى فه‌رمانى هه‌رێميى ژماره‌ (90) له‌ (26ـی ئاداری 2023)، بڕياردراوه‌ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان لە رۆژى (18ـی تشرینی دووەمی 2023) به‌ڕێوەبچێت، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش داواى كردووه‌ كۆميسۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنى عێراق ئاماده‌يى نيشان بدات بۆ سه‌رپه‌رشتيكردنى هه‌ڵبژاردن له‌و رۆژەدا، یاخود له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاکانی عێراق له‌ (18ـی کانوونی یەکەمی 2023).

دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی لە (30ـی ئایاری 2023) لەسەر درێژکردنەوەی ماوەی یاسایی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، لە ئێستادا لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، تاوتوێی دیاریکردنی رۆژێکن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کە بەهۆی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پارێزگاکانی عێراق و کۆتایی هاتنی ماوەی یاسایی کارکردنی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنەکە لە دوای هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، تاوەکو ئێستا هیچ وادەیەک بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیارینەکراوە.

رۆژی چوارشەممە (21ـی حوزەیرانی 2023) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دوای پێشوازیکردنی لە جینین هێنس پلاسخارت، نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق لە تویتێکدا رایگەیاند، "خەڵک مافی هەڵبژاردنی هەیە، لەگه‌ڵ نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان، باسمان له‌ ئاماده‌كارییه‌كان و پشتیوانی له‌مباره‌یه‌وه‌ كرد".

وابڕیارە رۆژی 18ـی کانوونی یەکەمی 2023، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکای عێراق (بێجگە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان) بە بەشداریی زیاتر لە 23 ملیۆن دەنگدەر بەڕێوەدەچێت و بەگوێرەی رێنماییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقیش لەم مانگەدا ده‌ست به‌ تۆماركردنی هاوپه‌یمانیەتی حزبەکان دەکرێت.