وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا: رووسیا دەیویست ئۆکرانیا لەسەر نەخشە بسڕێتەوە

K24 - هەولێر
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئاماژه به پرۆسەی مەشق و راهێنان دوای دابینکردنی فڕۆکەی F-16 بۆ ئۆکرانیا كرد و ئاشكرایكرد تەنانەت ئەگەر سبەی بڕیاری به‌ره‌وپێشچوون لەسەر ئەو پرسە بدرێت، رەنگە چەند مانگێکی پێبچێت تا فڕۆكه F-16ه‌كان لە چوارچێوەی جه‌نگی رووسیا و ئۆکرانیادا بكه‌ونه کار. گوتیشی، رووسیا دەیویست ئۆکرانیا لەسەر نەخشە بسڕێتەوە.
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ كه‌ناڵی سی ئێن ئێن، ئانتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەدا، له‌ڕووی ئەو ئامانجانەی کە پێشتر هەوڵی بەدەستهێنانی ده‌دا له جه‌نگه‌كه‌یدا دژی ئۆكرانیا، مۆسکۆ "زۆر ده‌مێكه دۆراوه".
بلینكن گوتی: "ئامانج سڕینەوەی ئۆکرانیا بوو لەسەر نەخشە، نه‌هێشتنی سەربەخۆیی و سەروەریی بوو، هه‌روه‌ها ئه‌وه بوو كه بیخاته سه‌ر رووسیا. ئه‌مه ماوەیەکی زۆر لەمەوبەر شکستی خوارد".
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا باسی له‌وه‌شكرد، ئۆکرانیا لە سه‌ره‌تادا له سه‌دا 50ی خاکی داگیرکراوی له‌لایه‌ن رووسیاوه، به‌ده‌ستهێنایه‌وه و جه‌ختی له‌وه‌كرده‌وه دژە هێرشی ئۆکرانیا هێشتا لە قۆناغی سەرەتاییدایە و پرۆسەكه قورس دەبێت و رەنگە چەند مانگێکی دیکە بەردەوام بێت.
ئانتۆنی بلینكن سەبارەت بە ناردنی فڕۆکەی F-16 بۆ ئۆكرانیا، ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد پرسەکە تەنها ئامێر نییە، بەڵکو مەشق و راهێنان و توانای بەکارهێنانی فڕۆكهكانیشه.
بلینكن تیشكی خسته‌سه‌ر ئه‌وه‌ش كه پرۆسەكه کاتی ده‌وێت، له‌باره‌ی به‌ره‌وپێشچوونیش په‌یوه‌ست به پرۆسه‌كه جەختی لەوە کردەوە ته‌نانه‌ت ئەگەر سبەی بڕیار سه‌باره‌ت به F-16ه‌كان بدرێت، چەند مانگێکی دەوێت تا فڕۆکەوانە ئۆکراینییەکان لە جه‌نگه‌كه‌دا فڕۆکەکان به‌كارده‌هێنن.
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا پێیوایە ئۆکراینییەکان فڕۆکە F-16ه‌كان وه‌رده‌گرن بەڵام پێویستە دڵنیابن لەوەی كاتێك وه‌ریانگرت بە شێوەیەکی دروست مەشق و راهێنانیان پێکراوە، توانای کۆنترۆڵکردنی فڕۆکەکانیان هەیە و ژیرانە بەکاریان ده‌هێنن.
ئانتۆنی بلینكن جه‌ختی له‌وه‌كرده‌وه، له‌پێناو ئه‌وه‌ی ركابه‌ریی له‌گه‌ڵ چین بۆ پێكدادان نه‌گۆڕێت، هەوڵدەدەن کەناڵەکانی پەیوەندیکردن له‌گه‌ڵ وڵاته‌كه بەهێزبکەن و پەیوەندییە دووقۆڵییەکان سەقامگیربکەن.
باسی له‌وه‌شكرد پێكدادان لەگەڵ چین لە بەرژەوەندی هیچ کەسێکدا نابێت و ئاماژەی به‌وه‌كرد تیمەكانیان لەگەڵ چین لەسەر پرسە سه‌رگه‌رمی كاركردنن و باوه‌ڕی وابوو ده‌كرێت چاره‌سه‌ر بۆ پرسه كێشه‌له‌سه‌ره‌كان بدۆزرێته‌وه.
لە وەڵامی پرسیارێکدا له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی ئایا ئه‌گه‌ری هه‌یه سزاکانی سەر وەزیری بەرگری چین لەلایەن ئەمەریکاوە هه‌ڵبگیرێت له‌پێناو کەمکردنەوەی گرژییەکان، بلینكن گوتی: "ئەو سزایانە رێگریی له وه‌زیره‌كه و پەیوەندیکردنی ئێمه لەگەڵیدا ناكه‌ن".
بلینكن ئاماژەی بەوەشکرد، لە جیهاندا داواکاریی هەیە بۆ ئه‌وه‌ی ئەمەریکا و چین بەشێوه‌یه‌كی بەرپرسیارانە پەیوەندییەکان ئیداره بده‌ن.
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا بڕیاری ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکای بۆ کشانەوە لە رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران بە "ترسناک" ناوبرد و رایگەیاند، ئەوانیش هاوشێوه‌ی هاوبەشە ئەوروپییەکانیان کاردەکەن له‌پێناو گەڕانەوە بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی.
ئانتۆنی بلینكن باسی له‌وه‌كرد له دوای کشانەوەیانەوە لە رێککەوتنەکە هەندێک پێشهات و گۆڕانکاری روویانداوه و جه‌ختی له‌وه‌كرده‌وه ئامانجیان گەڕانەوەیە بۆ رێککەوتنەکە بە گۆڕانکارییەکی کەم و له‌وپێناوه‌شدا نیازپاکییان نیشانداوه بەڵام ئێران ئەمەی په‌سه‌ند نەکردووە.
هاوكات بلینكن به پێویستی زانی رێککەوتنەکە لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکادا یه‌كبگرێته‌وه و گوتی: "لە خاڵێكداین کە چیتر باسی رێککەوتنی ئەتۆمی ناکەین. زۆر بە روونی پێمان گوتوون کە پێویستە هەنگاو بنێن بۆ کەمکردنەوەی ئەو گرژیانەی کە لە بواره جیاوازەکانی پەیوەندییەکانماندا هەن. دەبینین كه ئه‌گه‌ر ئه‌مه ئه‌نجامبده‌ن یان نا".
گوتیشی: "رەنگە ژینگەیەکمان بۆ بڕه‌خسێت کە بتوانین تێیدا دووبارە باسی بەرنامە ئەتۆمییەکەیان بکەینەوە". ئاماژەی بەوەشکرد گرنگی بە دیپلۆماسی دەدەن لە چارەسەرکردنی کێشەکاندا، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە ئەگەر پێویست بکات پەنا بۆ بژاردەی دیکە نابەن.