گۆتێرێس: زیاتر لە 780 ملیۆن کەس لە جیهاندا برسین
"لە جیهانێکی پڕ له به‌ره‌كه‌تدا ئێجگار خراپە مرۆڤ به‌رده‌وام لە ئازار و برسێتیدا بمرێت"
K24 – هەولێر:
سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان رایده‌گه‌یه‌نێت، به کۆتاهاتنی رێككه‌وتنی دانەوێڵە، باجی گه‌وره، لاوازه‌كان ده‌یده‌ن. گوتیشی: "لە جیهانێکی پڕ له به‌ره‌كه‌تدا، ئێجگار خراپە مرۆڤ لە ئازار و برسێتیدا بمرێت".
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس بەشداریی لە کردنەوەی دووه‌مین لووتکەی سیسته‌مه‌كانی خۆراک كرد، كه لە باره‌گای رێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵ (FAO)، لە رۆما به‌ڕێوه‌چوو و گوتارێكی پێشكه‌شكرد.
گۆتێرێس ئاماژەی به‌وه‌كرد، لووتکەكه تایبەتە بە مافی سەرەتایی مرۆڤی لێقه‌وماو كه خۆراکه و گوتی: "لە جیهانێکی پڕ له به‌ره‌كه‌تدا، ئێجگار خراپە مرۆڤ لە ئازار و برسێتیدا بمرێت، سیستمی خۆراکیی جیهان داڕماوه و ملیارەها کەس باجی ئه‌مه دەدەن".
سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەشکرد، زیاتر لە 780 ملیۆن کەس لە جیهاندا برسین و نزیکەی سێیه‌كی ئەو خۆراکه‌ی بەرهەمدەهێنرێت، یان له‌ناوده‌چن یان بەفیڕۆ ده‌درێن.
باسی له‌وه‌شكرد، زیاتر لە سێ ملیار کەس ناتوانن به‌شێوه‌یه‌كی تەندروست خۆراك بخۆن، زیاتر لە دوو ملیار کەس کێشیان زیادە و 462 ملیۆن کەسیش کێشیان کەمە.
ئه‌نتۆنیۆ گۆتێرێس ئاشكرایكرد، زۆر کۆمەڵگه هه‌ن، كه هەنگاوێک لە نه‌بوونی ئاسایشی خۆراک و برسێتیەوە دوورن.
راشیگه‌یاند، ئەم دۆخه ترسناکە بە کۆتاییهاتنی رێككه‌وتنی دانه‌وێڵه له‌لایه‌ن رووسیاوه، هێندەی تر خراپ بووە، به‌تایبه‌ت له‌رێگه‌ی رێككه‌وتنه‌كه زیاتر له 32 ملیۆن تۆن خۆراك به زیاتر له هه‌زار كه‌شتی له به‌نده‌ره‌كانی ئۆكرانیاوه ره‌وانه‌ی وڵاتان كرا.
گۆتێرێس جه‌ختی له‌وه‌كرده‌وه، یاداشتی لێكتێگه‌یشتنی په‌یوه‌ست به هه‌نارده‌ی خۆراك و په‌ینی رووسیا له‌چوارچێوه‌ی دەستپێشخەری رێڕەوی دانەوێڵەی دەریای رەشدا، گرنگی خۆی له‌ڕووی ئاسایشی جیهانیی خۆراك، سه‌قامگیریی نرخی خۆراك هه‌یه.
سكرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان جەختی له گرنگیی رێککەوتننامه‌ی دانەوێڵە کردەوە و رایگه‌یاند: "به کۆتاییهاتنی رێككه‌وتنه‌كه، گه‌وره‌ترین باج لاوازترینەکان ده‌یده‌ن. كاتێك كه نرخی خۆراك به‌رز ده‌بێته‌وه، هه‌موو كه‌س باجه‌كه‌ی ده‌دات".
ئه‌نتۆنیۆ گۆتێرێس هه‌روه‌ها ده‌ڵێت، رووسیا و ئۆکرانیا دوو وڵاتی زۆر گرنگن بۆ ئاسایشی جیهانیی خۆراک و رایگه‌یاند: به‌ناوی خۆمه‌وه سوورم له‌سه‌ر ده‌سته‌به‌ركردنی ئاسایشی خۆراك، كه هه‌مووان شایسته‌ن له‌رێگه‌ی ئاسانكردنی بێ بەربەستی دەستڕاگەیشتن بە بەرهەمی خۆراکی و په‌ینی هه‌ریه‌ك له وڵاتانی ئۆکرانیا و رووسیا بۆ بازاڕە جیهانییەکان بکەم. له‌چوارچێوه‌ی دوایین پێشنیازمدا بۆیان، بانگهێشتی رووسیا دەکەم بگەڕێتەوە بۆ جێبەجێکردنی رێككه‌وتنی انهوێڵه. داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەم، یەکگرتوو بن بۆ دۆزینه‌وه‌ی چارەسەری.
گۆتێرێس داوای لە وڵاتان کرد گۆڕانكاریی له سیستمی خۆراکی خۆیاندا بۆ داهاتوو بكه‌ن و بانگه‌وازی ده‌سته‌به‌ركردنی دەستڕاگەیشتن بەو خۆراکە پارێزراوانه‌ی كرد، كه هەمووان شایسته‌ن و پێویستیان پێیەتی.
پێشتریش میکایل مەککاول سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمه‌ریکا و بۆب مێنێندێز سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی پیرانی وڵاتەکە، بەیاننامەیەکی هاوبەشیان سەبارەت بە هەڵوێستی رووسیا لەبارەی رێککەوتننامەی گواستنەوەی دانەوێڵە بڵاوکردبووه‌وه.
لە بەیاننامه‌كه‌دا، سەرکۆنەی رووسیایان كرد، کە درێژکردنەوەی وادەی رێككه‌وتنی گواستنەوەی دانەوێڵە لە دەریای رەشی رەتکردووه‌ته‌وه، کە 17ـی ئه‌م مانگه - تەمموز ماوه‌كه‌ی کۆتایی دێت.
له به‌یاننامه‌كه ئاماژه بهوهشكرابوو، به‌هۆی ئەم دەستپێشخەرییه، تا ئێستا 950 گەشت ئه‌نجامدراوه، بەهۆیەوە زیاتر لە 30 ملیۆن تۆن دانەوێڵە و پەین و کەلوپەلی خۆراک لە بەندەرەکانی ئۆکرانیاوە گواستراونەتەوە، لە کاتێکدا رووسیا بە درێژنەکردنەوەی، ئەم دەستپێشخەرییە سەرکەوتووەی خستووەتە مەترسییەوە، مۆسکۆ نیشانی دەدات و دەیەوێت خۆراک وەک چەکێکی جەنگ بەکاربهێنێت. ئەم هه‌نگاوه‌ی رووسیا مەترسی وشکەساڵی و بەرزبوونەوەی نرخ و تراژیدیای مرۆیی زیاد دەکات.
لە 22ی تەمموزی 2022دا، به‌چاودێری رەجەب تەیب ئەردۆغان، تورکیا، رووسیا، ئۆکرانیا و نەتەوەیەکگرتووەکان بەڵگەنامەی دەستپێشخەری ناردنی دانەوێڵە و ماددە خۆراکییەکانیان بەشێوەیەکی سەلامەت لە بەندەرەکانی ئۆکرانیاوە واژوو کرد.
رێککەوتنەکە کە پێشتر چەند جارێک درێژکراوەتەوە، لە 17ـی تەمموز وادەکەی کۆتایی هات.
بەرپرسانی رووسی ئاماژە بەوە دەکەن، کە هیچ ئەگەرێک بەدیناکەن بۆ درێژکردنەوەی وادەکەی.