هیومان رایتس وۆچ: ڤاگنەر و سوپای مالی تۆمەتبارن بەکوشتنی دەیان هاووڵاتی مالی

K24 - هەولێر
رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ رایگەیاند، هێزە چەکدارەکانی مالی و گرووپی ڤاگنەر، تۆمەتبارن بەکوشتنی هاووڵاتیانی مالی و تاڵانکردنی موڵک و ماڵییان، هەروەها رێکخراوەکە داوای لە یەکێتی ئەفریقا کردووە، کۆتایی بە پێشێلکارییەکان بهێنن.
رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ، هێزە چەکدارەکانی مالی و چەکدارە بیانییەکانی سەر بە گرووپی ڤاگنەری رووسیی تۆمەتبار کرد بەوەی لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی 2022ەوە دەیان هاووڵاتی مەدەنیان لە ناوەڕاستی مالی کوشتووە، لە میانی ئۆپەراسیۆنەکانی دژی جیهادییەکاندا.
رێکخراوەکە رایگەیاندووە کە "ئەم پێشێلکارییانە لە کاتی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان ئەنجامدراون، کە لە کاردانەوە بە بوونی گروپە ئیسلامییە چەکدارەکان لە گوندەکانی وینکۆرۆ، سێگویلا، سوسوبی و تیۆفۆڵ" و لە ناوچەکانی مۆپتی و سێگۆ ئەنجامدراون.
هیومان رایتس وۆچ ئیدانەی کەیسەکانی ئەشکەنجەدانی دەستگیرکراوەکان و لەناوبردن و تاڵانکردنی موڵک و ماڵی خەڵکی مەدەنی کرد، لە لێواری کشانەوەی نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە وڵاتەکە تا کۆتایی ساڵی 2023، رێکخراوە ناحکومییەکە داوای لە یەکێتی ئەفریقا و کۆمەڵگەی ئابووری وڵاتانی رۆژئاوای ئەفریقیا کردووە، کۆتایی بە پێشێلکارییەکان بهێنن و لێپرسینەوە لە دەسەڵاتە داراییەکان بکەن.
رێکخراوەکە گوتەی 40 چاوپێکەوتنی هێناوەتەوە کە باسیان لە تێوەگلانی پیاوە بیانییە چەکدارەکان کردووە، کە زمانی فەرەنسی نازانن و بە سپی پێست، رووسی سەر بە ڤاگنەر وەسفیان کردووە.
هیومان رایتس وۆچ رایگەیاندووە، لە 3ی شوباتدا، چەکدارانی بیانی سپی پێست، بە جلوبەرگی سەربازییەوە هێرشێکیان بۆ سەر گوندی سیگیلا ئەنجامدا، هەشت تەرم دۆزرایەوە، 17 کەسیشیان دەستگیرکردووە، جگە لەتاڵان کردن و لێدان لە هاووڵاتیان.
بەگوێرەی ئەو ڕێکخراوە ناحکومییە، لە هێرشێکی دیکەدا لە وینکۆرۆ، لە کاتی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیدا کە لەلایەن سەربازانی مالی و بیانییەکان ئەنجامدراوە، لانیکەم بیست هاوڵاتی مەدەنی کوژراون کە ژنێک و منداڵێکی تەمەن شەش ساڵی تێدابووە.
لە ساڵی 2020ەوە تاقمی سەربازی دەسەڵاتدار لە مالی، لە فەرەنسا دوورکەوتووەتەوە بۆ ئەوەی لە رووی سیاسی و سەربازییەوە روو لە رووسیا بکات، هەروەها بوونی ڤاگنەریش رەتدەکاتەوە و باس لە جێگیرکردنی راهێنەرە سەربازییەکانی رووسیا دەکات بەناوی هاوکاریی نێوان هەردوو وڵاتەوە.
نەتەوە یەکگرتووەکان لە راپۆرتێکدا کە لە مانگی ئایاری رابردوودا بڵاویکردەوە، سوپای مالی و چەکدارە بیانییەکانی بە کوشتنی لانیکەم 500 کەس لە مانگی ئاداری 2022 لە ئۆپەراسیۆنێکی دژە جیهادییەکان لە ناوەندی وڵات تۆمەتبار کرد، بەڵام سوپای دەسەڵاتدار ئەمە رەتدەکاتەوە.