بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما تونسییەکان دەچنە سەر کەنار دەریاکان

K24 - هەولێر

رۆژی دووشەممە، پلەکانی گەرما لە تونس لە 50 پلەی سەدی نزیکبووەوە، تەنانەت لە باکووری وڵاتەکەشدا، کە لە نێوان شەش بۆ دە پلە لە سەرووی تێکڕای وەرزییەوە بەرزبووەتەوە، ئەمەش بووە هۆی پچڕانی کارەبا کە خەڵکی بەرەو کەنار دەریاکان راپێچ کرد.

هەروەها جارێکی دیکە ئاگر لە شارۆچکەی مالولا لە باکووری رۆژئاوای تونس لەسەر سنووری جەزائیر کەوتەوە، کە بەهۆی بای بەهێز و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما ئاگرەکە کەوتووەتەوە.

لەگەڵ ئاگر کەوتنەوەکە، لانیکەم 300 کەس لە شاری مەلۆلا گواسترانەوە، کە هەفتەی رابردوو بۆ ماوەی چەند رؤژێک ئاگرێکی سەختی بەخۆیەوە بینی.

دوێنێ پلەکانی گەرما لە ناوەندی شاری تونسی پایتەخت بۆ 49 پلەی سەدی بەرزبووەوە، هەروەها لە چەند رۆژی رابردوودا، بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما بووەتە هۆی پچڕانی کارەبا لە وڵاتەکە.

کۆمپانیای گشتی کارەبا و غازی تونس رایدەگەیەنێت، بەمەبەستی پاراستنی تۆڕەکە بۆ ماوەی نیو کاتژمێر تا کاتژمێرێک کارەبا دەکوژێننەوە، بەتایبەتی لەکاتی زۆر بەکارهێناندا.

Fly Erbil Advertisment