بەریتانیا هۆشداری کردنە ئامانجی كەشتی مەدەنی لەلایەن رووسیاوە دەدات
K24 – هەولێر:
جەیمس کلێڤەرلی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا هۆشداری دەدات، بۆ ئاڵۆزکردن و تێکدانی هەوڵەکانی هەناردەکردنی دانەوێڵەی ئۆکرانیا، ئەگەر هەیە رووسیا هێرش بکاتە سەر کەشتییە مەدەنییەکان لە دەریای رەش.
کلێڤەرلی راشیدەگەیهنێت، لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان تیشک دەخەینە سەر ئەم رەفتارە بێ ویژدانییانە و پێویستە رووسیا واز لە بە بارمتەگرتنی پێداویستییە خۆراکییە جیهانییەکان بهێنێت و بگەڕێتەوە بۆ رێککەوتنی هەرناردەکردنی دانەوێڵە لە دەریای رەش.
هەروەها، ریشی سوناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا دەڵێت، هەر هەوڵێکی رووسیا بۆ رێگریکردن لە هەناردەکردنی دانەوێڵەی ئۆکرانیا قەبوولکراو نابێت.
لە 22ی تەمموزی 2022دا، بهچاودێری رەجەب تەیب ئەردۆغان، تورکیا، رووسیا، ئۆکرانیا و نەتەوەیەکگرتووەکان بەڵگەنامەی دەستپێشخەری ناردنی دانەوێڵە و ماددە خۆراکییەکانیان بەشێوەیەکی سەلامەت لە بەندەرەکانی ئۆکرانیاوە واژوو کرد.
رێککەوتنەکە کە پێشتر چەند جارێک درێژکراوەتەوە، لە 17ـی تەمموزی ئهمساڵ وادەکەی کۆتایی هات.
بەرپرسانی رووسی ئاماژە بەوە دەکەن، هیچ ئەگەرێک بەدیناکەن بۆ درێژکردنەوەی وادەکەی.
پێشتریش میکایل مەککاول سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمهریکا و بۆب مێنێندێز سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی پیرانی وڵاتەکە، بەیاننامەیەکی هاوبەشیان سەبارەت بە هەڵوێستی رووسیا لەبارەی رێککەوتننامەی گواستنەوەی دانەوێڵە بڵاوکردبووهوه.
لە بەیاننامهكهدا، سەرکۆنەی رووسیایان كرد، کە درێژکردنەوەی وادەی رێككهوتنی گواستنەوەی دانەوێڵە لە دەریای رەشی رەتکردووهتهوه، کە 17ـی ئهم مانگه - تەمموز ماوهكهی کۆتایی هات.
له بهیاننامهكه ئاماژه بهوهشكرابوو، بههۆی ئەم دەستپێشخەرییه، تا ئێستا 950 گەشت ئهنجامدراوه، بەهۆیەوە زیاتر لە 30 ملیۆن تۆن دانەوێڵە و پەین و کەلوپەلی خۆراک لە بەندەرەکانی ئۆکرانیاوە گواستراونەتەوە، لە کاتێکدا رووسیا بە درێژنەکردنەوەی، ئەم دەستپێشخەرییە سەرکەوتووەی خستووەتە مەترسییەوە، مۆسکۆ نیشانی دەدات و دەیەوێت خۆراک وەک چەکێکی جەنگ بەکاربهێنێت. ئەم ههنگاوهی رووسیا مەترسی وشکەساڵی و بەرزبوونەوەی نرخ و تراژیدیای مرۆیی زیاد دەکات.