حكومه‌تی تاڵیبان ئارایشتگاكانی ئافره‌تان له‌ ئه‌فغانستان داده‌خات

داخستنی ئارایشتگای ئافره‌تان له‌ ئه‌فغانستان
داخستنی ئارایشتگای ئافره‌تان له‌ ئه‌فغانستان

K24 – هەولێر:

هه‌زاران ئارایشتگای ئافره‌تان له‌ ئه‌فغانستان به‌ بڕیارێكی فه‌رمی بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبانی ده‌سه‌ڵاتدار داده‌خرێت، به‌ جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كه‌ش ئافره‌تانی ئه‌و وڵاته‌ له‌ داهاتێكی كه‌می رۆژانه‌یان بێبه‌ش ده‌بن.

بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبانی ئه‌فغانی له‌وه‌ته‌ی له‌ ئابی 2021ـوه‌ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ ئه‌فغانستان و حكومه‌تی ئه‌و وڵاته‌ی پێكهێناوه‌، رێگری له‌ كچان و ئافره‌تانی وڵاته‌كه‌ گرتووه‌ بچنه‌ قوتابخانه‌كانی ناوه‌ندی و زانكۆكان، هه‌روه‌ها رێگریان لێ ده‌كات جلوبه‌رگی جوان و رازاوه‌ بپۆشن و به‌شداری له‌ بۆنه‌كان و هۆڵه‌كانی یاری و چالاكییه‌كان بكه‌ن، هاوكات فه‌رمانی پێكردوون له‌ كاتی چوونه‌ ده‌ره‌وه‌یان و چوونیان بۆ شوێنه‌ گشتییه‌كان سه‌رپۆش بپۆشن.

حكومه‌تی تاڵیبان مانگی حوزه‌یرانی رابردوو مه‌ڕسوومێكی ده‌ركرد، كه‌ به‌هۆی ئه‌و مه‌ڕسوومه‌وه‌ هه‌زاران ئارایشتگای ئافره‌تان كه‌ له‌لایه‌ن ئافره‌تانه‌وه‌ سه‌رپه‌رشتی ده‌كرێن و تاكه‌ سه‌رچاوه‌ی داهاتی زۆربه‌ی خێزانه‌كانیانی له‌سه‌ره‌، داده‌خرێن.

هه‌فته‌ی رابردوو ده‌یان ئافره‌تی ئه‌فغانی كابولی پایته‌خت گردبوونه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تییان له‌ دژی بڕیاره‌كه‌ ئه‌نجام دا، له‌ به‌رامبه‌ریشدا هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی حكومه‌تی تاڵیبان ته‌قه‌ی ئاسمانییان كرد و ئاوپڕژێنیان كردن بۆ ئه‌وه‌ی بڵاوه‌یان پێ بكه‌ن و كۆتایی به‌ گردبوونه‌وه‌كه‌یان بهێنن.

ئافره‌تانی ئه‌فغانی له‌ بڕیاره‌كه‌ و ره‌فتاری ده‌سه‌ڵاتدارانی تاڵیبان نیگه‌رانن و ده‌ڵێن، تاكه‌ شوێنێك كه‌ تا ئێستا له‌ دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی تاڵیبان بۆ وڵات بتوانن لێی كۆببنه‌وه‌، ئارایشتگاكان بووه‌، له‌لایه‌ك داهاتێكی بۆ خاوه‌نه‌كانیان دابین ده‌بێت، له‌لایه‌كی دیكه‌یش چاویان به‌یه‌كدی ده‌كه‌وێت و چێژ له‌ به‌سه‌ربردنی كاته‌كانیان وه‌رده‌گرن.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ سه‌دان ئارایشتگا له‌ كابۆل و شاره‌كانی دیكه‌ی ئه‌فغانستان داخران، خاوه‌نی یه‌كێك له‌ ئارایشتگاكان گوتوویه‌تی، په‌نجه‌مۆر و واژۆیان پێ كردبوون و به‌ڵێننامه‌یان پێ پڕكردوونه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئارایشتگاكه‌ی دابخات. هه‌روه‌ها یه‌كێكی دیكه‌ سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ راكێشاوه‌، له‌ كاتی داخستنی ئارایشتگاكه‌ی هێزێكی زۆری سه‌ربازی چوونه‌ته‌ ناوچه‌كه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌ڵمه‌ت بۆ سه‌ر دوژمنی سه‌نگه‌ر ببه‌ن.

پێشتریش له‌ مانگی حوزه‌یراندا، وه‌زاره‌تی فه‌رمان به‌ چاكه‌ و نه‌هی له‌ خراپه‌ داخستنی به‌زۆری ئارایشتگاكانی ئه‌فغانستانی راگه‌یاند، هاوكات مۆڵه‌تی به‌ خاوه‌نه‌كانیان دا كه‌ تاوه‌كو كه‌رسته‌كانی ناوی ساغ ده‌كه‌نه‌وه‌، شوێنه‌كانیان به‌كاربهێنن.

ئه‌و بڕیاره‌ی حكومه‌تی تاڵیبان نزیكه‌ی 60 هه‌زار ئافره‌ت بێكار ده‌كات و 12 هه‌زار ئارایشتگاش له‌ سه‌رتاسه‌ری ئه‌فغانستان داده‌خات.