لە رەشنووسی بودجەی وەزارەتی بەرگریی ئەمهریکا پێشنیازی دابینکردنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی بۆ پێشمەرگە کراوە

K24 – واشنتن:
لە رەشنووسی پڕۆژە یاسای بودجەی وەزارەتی بەرگریی ئەمهریکا بۆ ساڵی 2024، پێشنیازکراوە هێزەکانی پێشمەرگە هاوتەریب لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی عێراق پڕچەکبکرێن و راهێنانیان پێ بکرێت، هاوکات داواش دەکات سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی بە پێشمەرگە بدرێت، بۆ پاراستنی سنووری هەرێمی کوردستان لە مووشەک، هاوەن و درۆن.
پڕۆژە یاسای بودجەی وەزارەتی بەرگریی ئەمهریکا هێشتا لە کۆنگرێسە و پەسەندنەکراوە. ئەوەی تاکو ئێستا نووسراوەتەوە تەنیا رەشنووسە و لە ئەنجوومەنی نوێنەران و پیران دەنگی لەسەر نەدراوە.
ئەوەی تایبەتە بە هەرێمی کوردستان و پێشمەرگە، چەند پێشنیازێک لەلایەن لیژنەی ئاسایش و بەرگریی کۆنگرێس لە رەشنووسەکەدا شوێنی کراوەتەوە. یەکێک لە بڕگەکانی رەشنووسەکە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات "پێش یەکی شووباتی 2024، وەزارەتی بەرگریی ئەمهریکا بە راوێژ لەگەڵ وەزارەتی دەرەوە، پلانی پڕچەککردن و راهێنانی هێزە ئەمنییەکانی عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە پەرەی پێبدرێت بۆ بەرگریکردن لە دژی هێرشە مووشەکییەکان، هاوەن و درۆن."
لە رەشنووسەکە پێشنیازی ئەوە کراوە هێزەکانی ئەمهریکا سەرپەرشتی بەکارهێنانی چەک و سیستەمی بەرگریی ئاسمانی بکات، کە وەزارەیی بەرگریی بە هێزە ئەمنییەکانی عێراق و پێشمەرگەی دەدات بۆ رووبەڕووبوونەوەی هێرشەکان.
هاوکات ئاماژەش بۆ ئەوە کراوە، پێویستە هێزە ئەمنییەکانی عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە لەسەر بەکارهێنانی ئەو جۆرە چەکانە راهێنانیان پێ بکرێت.
لەبارەی جێبەجێکردنەوە، لە رەشنووسی بودجەکەدا ئەوە روونکراوەتەوە کە وەزارەتی بەرگریی ئەمهریکا لەماوەی 90 رۆژدا دەست بە جێبەجێکردنی پلانەکە دەکات، کە بە هاوبەشی لەلایەن وەزارەی بەرگریی و وەزارەتی دەرەوە پلانەکە دەست بە پەرەپێدانی دەکرێت.
لە رەشنووسەکەدا ئاماژە بۆ ئەوەش کراوە، دەکرێت وەزارەتی بەرگری بە هۆکاری پێویست جێبەجێکردنی پلانەکە دوابخا.
لە ئەگەری جێبەجێنەکردنی پلانەکە ئەگەر هاتوو کاریگەری لەسەر کەمیی چەکەکان و بەردەست نەبوونیان هەبوو، روونکراوەتەوە کە دەبێت وەزارەتی بەرگری لەماوەی 10 رۆژدا لیژنەی ئاسایش و بەرگریی کۆنگرێس ئاگاداربکاتەوە، هاوکات دەبێت هەر 30 رۆژ جارێک لیژنەی ئاسایش و بەرگری لەبارەی جێبەجێکردن یان جێبەجێنەکردنی لەلایەن وەزارەتی بەرگرییەوە ئاگاداربکرێتەوە.
لە کۆتا برگەی رەشنووسی بودجەکە کە تایبەتە بە هێزە ئەمنییەکانی عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە بۆ دابینکردنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی، ئاماژە بۆ کراوە دەبێت وەزیری بەرگریی بەر لە یەکی شوباتی 2024 لیژنەی ئاسایش و بەرگریی کۆنگرێس لە بەرەوپێشچوونی پلانی دابینکردنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی بۆ هێزە ئەمنییەکانی عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە ئاگاداربکاتەوە، کە ئامانج لەو چەکە پاراستنی عێراق و هەرێمی کوردستانە لەو هەڕەشانەی بە مووشەک، هاوەن و درۆن دەکرێنە سەر عێراق و هەرێمی کوردستان.