زاخۆ.. بەهۆی زیادبوونی ژمارەی قوربانییان مەلەکردن لە هەندێک شوێن قەدەغە دەکرێت
K24 – زاخۆ:
لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بەهۆی زیادبوونی ژمارەی قوربانییان لە مەلەکردن بە تایبەت لە رووباری خابوور، بە شێوەیەک رۆژ هەبوو چوار کەس لەو رووبارە دەخنکا، بۆیە بڕیاردرا جێگەی تایبەت دەستنیشان بکرێت بۆ مەلەکردن، هەروەها بڕیاردرا لە هەندێک شوێنێش مەلەکردن قەدەغەبکرێت بەهۆی قوڵی شوێنەکە.
موشیر بەشیر، قایمقامی زاخۆ، بۆ کوردستان24، گوتی: "ماوەی 10 رۆژە ئەم بڕیارە دەرچووە و جێگەی خۆشحاڵییە کە لە ماوەی ئەم 10 رۆژەی رابروو هیچ حاڵەتێکی خنکان رووینەداوە، شوێنی تایبەتیش بۆ مەلەکردن دروستدەکرێت.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان لە ماوەی ئەمساڵدا 38 کەس لە هەرێمی کوردستان بە رووداوی خنکان گیانی لەدەستداوە، لەو ژمارەیەش 11 کەسیان لە زاخۆ بوونە، هەروەها سێ کەس لە دهۆک، شەش کەس لە ئاکرێ، 10 کەس لە هەولێر، چوار کەس لە سۆران، یەک کەس لە هەڵەبجە، یەک کەس لە راپەڕین، دوو کەس لە گەرمیان و سێ کەس لە سلێمانی بوونە.