وەزیری دەرەوەی چین: پێویستە دژی عەقڵییەتی جەنگی سارد بوەستینەوە

ڤانگ یی، وەزیری دەرەوە و سەرۆکی کۆمسیۆنی پەیوەندییەکانی پارتی کۆمۆنیستی چین
ڤانگ یی، وەزیری دەرەوە و سەرۆکی کۆمسیۆنی پەیوەندییەکانی پارتی کۆمۆنیستی چین

K24 - هەولێر

وەزیری دەرەوە و سەرۆکی کۆمسیۆنی پەیوەندییەکانی پارتی کۆمۆنیستی چین داوا دەکات، هەموو لایەک دژی عەقڵییەتی جەنگی سارد بووەستنەوە. دەشڵیت، "چین هەرگیز رێگای هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی هەژموون پەیڕەو ناکات کە هەندێک وڵات گرتوویاننەتەبەر".

بەپێی هەواڵێکی گڵۆباڵ تایمز، کە دەزگای پەخشی پارتی کۆمۆنیستی چینە، ڤانگ یی، وەزیری دەرەوە و سەرۆکی کۆمسیۆنی پەیوەندییەکانی پارتی کۆمۆنیستی چین لە میانی کۆبوونەوەی راوێژکارانی ئاسایشی نیشتمانیی BRICS، کە لە وڵاتانی بەڕازیل، هیندستان، چین و کۆماری ئەفریقای باشوور پێکهاتوو و لە شاری جۆهانسبێرگی ئەفریقای باشوور سازکرا، گوتارێکی پێشکەش کردووە.

ڤانگ ئاماژەی بەوەش دا، BRICS  بووەتە پلاتفۆڕمێکی گرنگ بۆ ئەو وڵاتانەی لە پێشکەوتندان و رایگەیاند: ''پێویستە هەماهەنگیی ستراتیژی وڵاتانی BRICS زیاتر بەهێز بکرێن. بۆ ئەو مەبەستەش پێویستە هاریکاریی کرانەوە، گشتگیری و سوود بە سوود بکرێتە کارێکی کردەیی. پێویستە هاریکاریی BRICS بکەینە پێشینەی کارەکانمان''.

هەروەها ڤانگ یی باسی لەوە کرد، بۆ رووبەڕووبوونەوەی کێشەکانی ئاسایشی ئێستای جیهانیی و چارەسەرکردنی کەشی ئاسایش بەرەنگاری هەژموون و دژی عەقڵییەتی جەنگی سارد دەبنەوە.

وەزیری دەرەوەی چین، ئەوەشی خستەڕوو، وڵاتانی باشووری جیهان ئەرکێکی گرنگیان هەیە لە بەرەنگاربوونەوەی دەستوەردانی وڵاتانی دەرەکیی، چین خوازیاری هاریکارییە لەگەڵ هاوبەشانی لە BRICS لەپێناو پاراستنی ئاسایشی نیشتمانیی و سەقامگیریی یەکتر و بەرەنگاربوونەوەی کێشە ئەمنییە نێودەوڵەتییەکان.

لە چوارچێوەی کۆبوونەوەکەدا، ڤانگ لەگەڵ راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی هیندستان، ئاجیت دۆڤاڵ کۆبووەوە. ڤانگ ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، کارلێکە ئەرێنیی یان نەرێنییەکانی نێوان چین و هیندستان راستەوخۆ کاریگەری دەکەنە سەر شیرازەی نێودەوڵەتیی و، گوتی: ''ئەو وڵاتانەی داهاتووی جیهان دیاری دەکەن بە تایبەتی چین و هیندستان، لە بەرزبوونەوەدان''.

ڤانگ پێداگرانە ئەوەشی خستەڕوو، چین هەرگیز رێگای هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی هەژموون پەیڕەو ناکات کە هەندێک وڵات گرتوویاننەتەبەر، بەڵکو خوازیاری کارکردنە لەگەڵ زۆرێک لە وڵاتان بە هیندستانیشەوە بۆ پشتیوانیکردن لە فرەلایەنیی و بە دیموکراسیکردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان.

وەزیری دەرەوەی چین روونیشیکردەوە، هەردوو وڵات هەلێکیان لەبەردەمدایە بۆ پێشکەوتن و گەشەپێدان نەک بۆ هەڕەشەکردن لە یەکتری و پێویستە پەیوەندییەکانی چین و هیندستان بە زووترین کات وەرچەرخانێک لە پەیوەندییەکانیان بەدی بهێنن و بگەڕێننەوە بۆ زەمینەیەکی تەندروست و سەقامگیر.

لە بەرامبەردا، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی هیندستان، ئاجیت دۆڤاڵ، باسی لەوە کرد کە هیندستان و چین وەک دوو وڵاتی دراوسێ زۆر بیروڕایان لەبارەی داهاتووی مرۆڤایەتی و جیهان ئاڵوگۆڕکردووە و خاوەنی بەرژەوەندی هاوبەشی گشتگیرن.

گرووپی وڵاتانی BRICS، کە لە وڵاتانی بەڕازیل، رووسیا، چین، هیندستان و ئەفریقای باشوور پێکهاتووە، هاریکارییە سیاسیی و ئابووریی و کولتوورییەکانی نێوان ئەندامەکان تاوتوێ دەکات و هەڵیاندەسەنگێنێت.

هاوکات گرووپەکە تێکڕای بەرهەمی گشتیی ناوخۆی وڵاتانی BRICS و زیاتر لە سەد 30ی بەرهەمی جیهانی پێکدەهێنێت. لووتکەی سەرکردەکانی BRICS، کە تیایدا باس لە فراوانکردنی گرووپەکە دەکرێت، لە رۆژانی 22-24 ئاب، لە ناوەندی کۆنگرەی ستاندتۆن لە شاری جۆهانسبێرگ ئەنجام دەدرێت.

Fly Erbil Advertisment