سیروان رۆژبەیانی: بەهۆی پەکەکە بەڵێندەران ناوێرن بچنە شنگال

سیروان رۆژبەیانی، جێگری پارێزگاری نەینەوا
سیروان رۆژبەیانی، جێگری پارێزگاری نەینەوا

K24 - هەولێر:

جێگری پارێزگاری نه‌ینه‌وا سەبارەت بە ئاوەدانکردنەوەی شنگال و گەیاندنی خزمەتگوزارییەکان بەو ناوچەیە دەڵێت: داوایان لە سەرۆكوەزیرانی عێراق كردووە رێككەوتننامەی شنگال جێبەجێ بكرێت بۆئەوەی بتوانن خزمەتگوزارییەكان بگەیەنن بە ناوچەكە.

سیروان رۆژبەیانی، جێگری پارێزگاری نه‌ینه‌وا بە پەیامنێری کوردستان24ـی راگەیاند، بەھۆی بوونی پەكەكە و گرووپە چەكدارەكانی دیكە و خراپی رەوشی ئەمنی شنگال، بەڵێندەرەكان بۆ دەستپێكردنی پرۆژە ستراتیژییەكان ناوێرن بچنە ناوچەكە.

سەبارەت بە رێککەوتننامەی شنگال، جێگری پارێزگاری نه‌ینه‌وا باسی لەوەکرد، چەند مانگێک لەمەوپێش لە سەردانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ نەینەوا، ئەوان وەک ئیدارەی پارێزگای نەینەوا داوایان لێکرد، رێککەوتننامەی شنگال بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە، گوتیشی: بەداخەوە ئەمڕۆ شنگال لە دەستی هێزێکی غەیرە عێراقییە.

ئاماژەی بەوەشدا، ئێستا ئیدارەیەکی نایاسایی لە شنگالە و ئەوان وەک ئیدارەی پارێزگای نەینەوا، مامەڵەیان لەگەڵ ناکەن.

قەزای شنگال یەکێکە لەو شوێنانەی کە تیرۆریستانی داعش لە سێی ئابی 2014 هێرشیان کردە سەر و ژمارەیەکی زۆر خەڵکیان کوشت و هەندێکیش تا ئێستا بێسەروشوێنن و کەسوکارەکانیشیان لە ئێستادا لە کەمپەکانی پارێزگای دهۆک ژیان بەسەر دەبەن و بەهۆی بوونی چەکدارانی پەکەکە و حەشدی شەعبی و نەبوونی ئاسایش و سەقامگیریی و خزمەتگوزاری لەناوچەکە، ناتوانن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.

رێككه‌وتنی شنگال لەنێوان هەولێر و بەغدا، له‌ تشرینی یه‌كه‌می 2020 به‌ناوی گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌قامگیری و ئاساییكردنه‌وه‌ی بارودۆخی شارۆچكه‌ی شنگال واژۆكرا و له‌ سێ میحوه‌ری سه‌ره‌كی ئیداری، ئه‌منی و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ پێكهاتووه‌ و بڕگه‌كانی بریتین له‌ چوونه‌ده‌ره‌وه‌ی هێزه‌ نافه‌رمییه‌كان، پڕۆسه‌ی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ له‌ شنگال و قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی زیانلێكه‌وتووان له‌خۆده‌گرێت.

Fly Erbil Advertisment