حه‌لبووسی و پلاسخارت تاووتوێی پرسی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌كه‌ن

محه‌ممه‌د حه‌لبووسی، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق و جنین هینیس پلاسخارت، نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق
محه‌ممه‌د حه‌لبووسی، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق و جنین هینیس پلاسخارت، نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق

K24 – هەولێر:

سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌گه‌ڵ نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان تاووتوێی پرسی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكانی عێراق و هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌كات.

ئه‌مڕۆ (چوارشه‌ممه‌ 26ـی ته‌ممووزی 2023) محه‌ممه‌د حه‌لبووسی، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوینه‌رانی عێراق له‌گه‌ڵ جنین هینیس پلاسخارت، نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق كۆبووه‌وه‌. به‌ گوێره‌ی راگه‌یاندراوی نووسینگه‌ی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران، هه‌ردوولا گفتوگۆیان له‌باره‌ی دواپێشهاته‌ سیاسییه‌كانی عێراق و چه‌ند پرسێكی دیكه‌ كرد.

هه‌روه‌ها نووسینگه‌ی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باسیان له‌ پرسی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكانی عێراق و هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان و كاری كۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراقییان كردووه‌.

رۆژی 18ـی کانوونی یەکەمی 2023، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکای عێراق (بێجگە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان) بە بەشداریی زیاتر لە 23 ملیۆن دەنگدەر بەڕێوەدەچێت. کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاندبوو، لە مانگی ته‌ممووز ده‌ست به‌ تۆماركردنی هاوپه‌یمانێتی، حزب و كاندیده‌كان ده‌كه‌ن  و پڕۆسه‌ی خۆتۆماركردنه‌كه‌ تاوه‌كو كۆتایی مانگی ته‌ممووز به‌رده‌وام ده‌بێت.

چوارشەممە 12ـی ته‌ممووزی 2023، سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، له نووسراوێكى فه‌رميدا، رۆژی دووشه‌ممه‌ 10ـی ته‌ممووزی 2023 به‌ واژۆى سه‌رۆكى ديوانى سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان ئاراسته‌ى كۆمیسيۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنى عێراق كراوه و کۆپییەکی به‌ لايه‌نه‌ په‌يوه‌نديداره‌كان دراوه‌‌.

لە نووسراوەکە سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان داواى كردووه كۆمسيۆن ئاماده‌يى نيشان بدات بۆ سه‌رپه‌رشتيكردنى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان.

ئاماژە بەوەشدراوە، به‌پێى فه‌رمانى هه‌رێميى ژماره‌ (90) له‌ 2023/3/26، بڕيار دراوه‌ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان رۆژى 2023/11/18 به‌ڕێوه‌بچێت، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش داواى كردووه‌ كۆميسۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنى عێراق ئاماده‌يى نيشان بدات بۆ سه‌رپه‌رشتيكردنى هه‌ڵبژاردن له‌ به‌روارى دياريكراودا، يانيش له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجوومه‌نى شاراوانييه‌كانى عێراق له‌ 2023/12/18.

رۆژی یەکشەممە (23ـی تەمموزی 2023)، فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 ئاماژەی بەوەکرد، بۆ بڕیاردان لەسەر وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، هەماهەنگی لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەکەن.

سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد، هەرچەندە دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە دەسەڵاتی سەرۆکی هەرێمدایە، بەڵام سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دەیەوێت ئەو وادەیە بە هەماهەنگی هەموو لایەنەکان بێت، بۆ ئەوەی هەمووان پابەندبن بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی لەو وادەیەی دیاریدەکرێت.

هەروەها فەوزی هەریری ئاشکراشیکرد، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە مانگی شوباتی 2024ـدا ئەنجام دەدرێت و جەختی لەسەر ئەوەشکردەوە، وادەی هەڵبژاردنەکە لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە دیاریدەکرێت و هەر لە مانگی شوباتدا دەبێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە، رۆژی (19ـی تەمموزی 2023)، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق پێشنیازی کرد رۆژی (18ـی شوباتی 2024) یان رۆژێکی دوای ئەو رێکەوتە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدرێت و جەختی لەسەر ئەوەشکردەوە کە ناتوانن هەردوو هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق و پەرلەمانی کوردستان لەیەک کاتدا بەڕێوەببەن.

Fly Erbil Advertisment