دڵشاد شه‌هاب: دوای سه‌ردانی لایەنەکان سه‌رۆكی هه‌رێم فه‌رمانى ھەرێمی بۆ دیاریكردنی وادەیەک بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمان دەردەکات
K24 - هەولێر:
سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان واده‌یه‌كی نوێ بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان دیاریده‌كات.
له لێدوانێكدا بۆ ماڵپه‌رى سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان، دڵشاد شهاب گوته‌بێژى سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى رایده‌گه‌یه‌نێت، لەسەر فەرمانی نێچيرڤان بارزانى سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و بەمەبەستی وەرگرتنی بیروڕا بۆ دەستنیشانکردنی وادەیەکی نوێ بۆ ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشه‌ممه 2023/7/26، شاندێکی باڵا لە سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان، بەرنامەی زنجیرەیەک سەردانیان بۆ لای حزب و لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان دەستپێکردووە، تێیدا بیروڕای حزب و لایەنەکانیان بۆ دياريكردنى وادەیەکی نوێ بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان وەرگرتووە.
هه‌روه‌ها ئەوەشی روونکردەوە کە ھێز و لایەنە سیاسییەکان پێشوازییان لەو ھەنگاوەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان کردووە و ئامادەییان بۆ پشتیوانیکردن لە ھەنگاوەکە و پاڵپشتیان بۆ سەرخستنی پرۆسەکە، نیشانداوە.
ھاوکات گوتی: لە دیدارەکانیاندا حزب و لایەنەکان ھەوڵەکانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستانیان لەپێناو یەکڕیزيی ناوخۆیی و یەکھەڵوێستی و یەکگوتاريی سیاسی لە ئاست پرسە چارەنووسسازەکاندا، بە گرنگ و خەمخۆرانە وەسفکردووە.
سەبارەت بە ئەنجامی کۆتایيی بەرنامەی سەردانەکانیش گوتی: "سەردانی ھەموو حزب و لایەنەکان دەکەین و پاش کۆکردنەوەی بیروڕاکانیان، نێچيرڤان بارزانى فه‌رمانى ھەرێمی بۆ دەستنیشانکردنی وادەیەکی نوێ بۆ ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەردەکات".
رۆژی 18ـی کانوونی یەکەمی 2023، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکای عێراق (بێجگە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان) بە بەشداریی زیاتر لە 23 ملیۆن دەنگدەر بەڕێوەدەچێت. کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاندبوو، لە مانگی ته‌ممووز ده‌ست به تۆماركردنی هاوپه‌یمانێتی، حزب و كاندیده‌كان ده‌كه‌ن و پڕۆسه‌ی خۆتۆماركردنه‌كه تاوه‌كو كۆتایی مانگی ته‌ممووز به‌رده‌وام ده‌بێت.
چوارشەممە 12ـی ته‌ممووزی 2023، سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، له نووسراوێكى فه‌رميدا، رۆژی دووشه‌ممه 10ـی ته‌ممووزی 2023 به واژۆى سه‌رۆكى ديوانى سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان ئاراسته‌ى كۆمیسيۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنى عێراق كراوه و کۆپییەکی به لايه‌نه په‌يوه‌نديداره‌كان دراوه.
لە نووسراوەکە سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان داواى كردووه كۆمسيۆن ئاماده‌يى نيشان بدات بۆ سه‌رپه‌رشتيكردنى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان.
ئاماژە بەوەشدراوە، به‌پێى فه‌رمانى ههرێميى ژماره (90) له 2023/3/26، بڕيار دراوه هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان رۆژى 2023/11/18 به‌ڕێوه‌بچێت، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش داواى كردووه كۆميسۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنى عێراق ئاماده‌يى نيشان بدات بۆ سه‌رپه‌رشتيكردنى هه‌ڵبژاردن له به‌روارى دياريكراودا، يانيش له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجوومه‌نى شاراوانييه‌كانى عێراق له 2023/12/18.
رۆژی یەکشەممە (23ـی تەمموزی 2023)، فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 ئاماژەی بەوەکرد، بۆ بڕیاردان لەسەر وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، هەماهەنگی لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەکەن.
سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد، هەرچەندە دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە دەسەڵاتی سەرۆکی هەرێمدایە، بەڵام سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دەیەوێت ئەو وادەیە بە هەماهەنگی هەموو لایەنەکان بێت، بۆ ئەوەی هەمووان پابەندبن بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی لەو وادەیەی دیاریدەکرێت.
هەروەها فەوزی هەریری ئاشکراشیکرد، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە مانگی شوباتی 2024ـدا ئەنجام دەدرێت و جەختی لەسەر ئەوەشکردەوە، وادەی هەڵبژاردنەکە لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە دیاریدەکرێت و هەر لە مانگی شوباتدا دەبێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە، رۆژی (19ـی تەمموزی 2023)، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق پێشنیازی کرد رۆژی (18ـی شوباتی 2024) یان رۆژێکی دوای ئەو رێکەوتە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدرێت و جەختی لەسەر ئەوەشکردەوە کە ناتوانن هەردوو هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق و پەرلەمانی کوردستان لەیەک کاتدا بەڕێوەببەن.