پارتە کوردستانییەکان لە دەرەوە: به‌ناو كۆنفرانسی سه‌د ساڵه‌ی لۆزان ته‌نیا سووكایه‌تیكردن بوو به‌ مێژووی كورد

"کۆنفرانسی سەد ساڵەی پەیماننامەی لۆزان لە وڵاتی سویسرا"
"کۆنفرانسی سەد ساڵەی پەیماننامەی لۆزان لە وڵاتی سویسرا"

K24 - هەولێر:

له‌ ماوه‌ی چه‌ند رۆژی رابردوودا له‌ یادی سه‌د ساڵه‌ی په‌یماننامه‌ی لۆزاندا له‌ وڵاتی سویسرا لەلایەن پەکەکە و چەند لایەنێکی دیكه‌ كۆنفرانسێك ڕێکخرابوو، هاوكات پارته‌ كوردستانییه‌كان له‌ ده‌ره‌وه‌ راگه‌یه‌ندراوێكیان بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و رایده‌گه‌یه‌نن، ئه‌و كۆنفرانسه‌ ته‌نیا سووكایه‌تیكردن بوو به‌ مێژووی سه‌د ساڵه‌ی خەبات و تێکۆشانی گەلی کوردستان لە هەر چوار پارچەی کوردستان.

چه‌ند پارتێكی سیاسی كوردی كه‌ ژماره‌یان 10 پارته‌، رۆژی 25ـی ته‌ممووزی 2023، به‌یاننامه‌یه‌كیان بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و تێیدا رایانگه‌یاندووه‌، جێگای داخ و نیگەرانییەکی زۆرە کە له‌ رۆژانی 22 تا 24ـی ته‌ممووزی 2023، بەناوی کۆنفرانسی سەد ساڵەی پەیماننامەی لۆزان لە وڵاتی سویسرا کە لەلایەن پەکەکە و چەند لایەنێک رێکخرابوو، تەنیا سووکایەتی کردن بوو بە مێژووی سه‌د ساڵەی خەبات و تێکۆشانی گەلی کوردستان لە هەر چوار پارچەی کوردستان.

هه‌روه‌ها ئه‌و پارته‌ سیاسییه‌ كوردییانه‌ رایانگه‌یاندووه‌، هەڵواسین و نیشاندانی چوار ئاڵای جۆراوجۆر لە هۆڵی کۆبوونەوەکان و ناوهێنانی گەلانی کوردستان لە جیاتی گەلی کوردستان و دانانی ئاڵای بۆ هەر بەشێکی کوردستان، ئەجێندای نامۆ و گوماناوی چەند کەس و لایەنێکن، کە تەنیا مەبەستیان لێکترازان و چەسپاندنی پارچەبوونی کوردستانە و هەروەها درز خستنە ناو ریزەکانی گەلی کوردستانە.

له‌ به‌یاننامه‌كه‌ی پارته‌ سیاسییه‌ كوردییه‌كاندا هاتووه‌ "ئەو بەیاننامەیەی کە چەند کەس و لایەنێک لە کۆتایی کۆنفرانسەکەدا دەریان کردووە، درێژەپێدان و قبووڵکردنی ئەو پەیماننامەیەیە کە زوڵمێکی گەورەی لە نەتەوەکەمان کرد". هه‌روه‌ها ده‌ڵێت "ئەمەی ئەوان کردیان بێڕێزیکردنە بە خوێنی شەهیدان و گەل و ئاڵاو خاکی کوردستان".

پارته‌ سیاسییه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ له‌ درێژه‌ی به‌یاننامه‌كه‌یاندا سه‌رنجیان بۆ ئه‌وه‌ راكێشاوه‌، كه‌ چەند لایەنێک لە پێشتر بەحیساب خەباتیان کردووە و قوربانییان داوە و بەشێکن لە حوکمڕانی کوردستان و خۆیان بە نیشتمانپەروەر دەزانن، كه‌چی ئەم دابەشکردنە و بێڕێزیەیان بە ئاڵای کوردستان و پێشمەرگە پێ قبووڵ بووە و هەڵوێستیان نەبووە.

به‌یاننامه‌كه‌ روونیشیكرده‌وه‌، كه‌ كورد گەلێکی دابەشکراو و ستەم لێکراوه‌ و دەبێ هەموو لایەك کار بۆ ئەوە بکەن هێماو بەها و ئاڵای هاوبەشمان هەبێت. ده‌شڵی،  پێشمەرگە و ئاڵ او خاک سیمبوڵی یەکگرتوویی و مانەوەن و پاراستنیان ئه‌ركه‌.

جه‌ختیشیكردووه‌ته‌وه‌، كه‌ پێشمەرگە لەژێر ئاڵای کوردستان توانی، دژ بە داعش کە دڕندەترین رێکخراوی تیرۆریستی جیهان بوو قارەمانانە جەنگاو بجه‌نگێ و بەرگری له‌ مرۆڤایه‌تی بكات. به‌یاننامه‌كه‌ گوتووشیه‌تی، خاکی کوردستان پەناگەی ئارامی سەرجەم کوردستانییانی پارچەکانی کوردستان بووە، کە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە هاوکاری کراون.

پارته‌ سیاسییه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ كه‌ پێك دێت له‌ هه‌ر یه‌ك له‌؛ پارتی دیموکراتی کوردستان، پارتی دیموکراتی کوردستان-باکوور ، پارتی دیموکراتی کوردستان-سوریا (پەدەکەسە)، ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد لە سوریا (ئەنەکەسە)، کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، پارتی دیموکراتی کورد لە سوریا، پارتی دیموکراتی کورد لە سوریا، پارتی ئازادی کوردستان (پاک)، پارتی شەپێلا پاشەڕۆژی کورد لە سوریا، پارتی سەربەخۆیی کوردستان ، پارتی سەربەخۆیی کوردستان  و پارتی یەکێتی کوردستانی سوریا لە ئەوروپا رایده‌گه‌یه‌نن، پاراستنی ئەم ئەزموونەی کوردستان و هێما و بەهاکانی، ئەرکێکی نەتەوەیی و ئەخلاقی هەر تاکێکی کوردە، لەبەرئەوە "ئێمە وەک پارتە کوردستانییەکانی دەرەوە چیتر ئەو بێڕێزییە بە خوێنی شەهیدان و ئاڵای کوردستان قبووڵ ناکەین و ئەو جۆرە رەفتارانە شەرمەزار دەکەین".

Fly Erbil Advertisment