جوتیار عادل: حکومەتی هەرێم سەرجەم داهاتی نەوتی و نانەوتی بۆ بەغدا ئاشکرا کردووە

جوتیار عادل، سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان
جوتیار عادل، سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر:

جوتیار عادل، سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، رایدەگەیەنێت، شاندی حکومەت لەسەر زۆرێک لە پرسەکان لەگەڵ بەغدا رێککەوتووە، هەروەها گوتی: حکومەتی هەرێم سەرجەم داهاتی نەوتی و نانەوتی بۆ بەغدا ئاشکرا کردووە، جوتیار عادل دەشڵێت: سبەی بە داتا بڵاوی دەکەینەوە کە چەند نەوتمان رادەستی بەغدا کردووە

جوتیار عادل، سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە میانەی بەشداریکردنی لە بەرنامەی باسی رۆژی کوردستان24، کە ژینۆ محەممەد پێشکەشی دەکات، رایگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان نەوەستاوە لە بابەتی گفتووگۆکردن لەسەر پرسی بودجە و مووچە، کۆبوونەوەکان ئەمڕۆ هەن و بەیانیش بەردەوام دەبن، هەروەها حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سەرەتاوە ئەولەوییەتی دابینکردنی مووچە بووە، گفتوگۆکانیشی لەگەڵ بەغدا هەر بەو ئاراستەیە بووە.

هاوکات راشیگەیاند، ئەو پابەندییانەی کە لەسەر هەرێمە نزیەکەی %95 جێبەجێ کراوە، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانیش بەردەوام  لەسەر هێل بووە لەپێناو گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی نێوان هەردوولا، گفتووگۆکانی نێوان هەردوولا کراوەن و بەردەوامن، تاکوو ئێستا هیچ بەربەستێک نەهاتووەتە پێش و گفتوگۆکان لەگەڵ بەغدا ئەنجامی باشی هەبووە تاکو ئێستا، هەنگاوی باش نراوە هەردوولا جددین لەسەر رێککەوتنی نێوانیان.

لەسەر پرسی داهاتی نەوتی و نانەوتی، سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، ئاماژەی بەوەدا، "لەسەر پرسی داهاتی نانەوتییەکان گەشتوونەتە قۆناغی کۆتایی، رێککەوتنیان کردووە کە داهاتی نانەوتی نەبێتە بەربەست بۆ نەناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، ئەو پرسانەی کە ئەرکی ئێمەیە جێبەجێمان کردووە، هەروەها رۆژانە نزیکەی 70 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی کۆمپانیای سۆمۆ دەکرێت و کۆمپانیاکە بەبازاڕی دەکات، ئەم بڕە نەوتەش لەسەر داواکاری حکومەتی عێراقی بووە، هاوکات لەسەر داهاتە نانەوتییەکانش تاکوو ئێستا لە گفتووگۆداین رێککەوتنمان کردووە لەسەر ئەوەی داهاتەکە هەمووی بچێتە خەزێنەی حکومەتی ئیتیحادی و دواتر %50 کە مافی هەرێمی کوردستانە بگەڕێندرێتەوە بۆ هەرێمی کوردستان".

جوتیار عادل، روونیکردەوە، ئێمە نەوتمان بە بەڵگەوە رادەستی حکومەتی فیدراڵی کردووە، بەیانی داتاکان بڵاو دەکەیەنەوە، کە  لە 26ـی حوزەیرانی ئەمساڵەوە رۆژانە چەند نەوت رادەستی کۆمپانیای سۆمۆ کراوە، بە خەڵکی رادەگەینین و بە داتا قسە دەکەین و بە داتا دەیسەلمێنین حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژانە ئەو بڕەی کە بەردەستە رادەستی کۆمپانیای سۆمۆی دەکات، ئەم هەناردەیە بەپێی ماوە زیاد دەبێت ئێمە پابەندین بە بەڵێنەکانی خۆمان لەگەل خەڵكی خۆمان".

سەبارەت بە پرسی مووچە، سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، گوتی: "ئەوەی پەیوەستە بە مووچە تەواو بووە، تەنیا هەندێک بابەتی دیکە ماوە کە نەمانویستووە وابەستەی بکەین بە پرسی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، هاوکات داوامان کردووە حکومەتی عێراق لەگەڵ دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی خۆی، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیش دابین بکات".

گوتیشی: "شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر زۆرێک لە پرسەکان لەگەڵ بەغدا رێککەوتووە، هەروەها حکومەتی هەرێم لە بەرپرسیارەتی راناکات خەمی یەکەمی ئەوەیە مووچەی فەرمانبەرانی خۆی بە زووترین کات دابین بکات ".

جووتیار عادل، جەختیشی لەوەکردەوە، کابینەی نۆیەم توانیوەتی ئیدارەی قەیرانەکان بکات و بەردەوام بێت، ئەگەر یاسای بودجە وەک خۆی جێبەجێ بکرێت هەرێمی کوردستان جارێکی دیکە توشی قەیران نابێتەوە.

لەبارەی پرسی کردنەوەی هەژماری بانکی بۆ داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، ئاماژەی بەوەدا، "هەژمارمان کردووەتەوە کە سەر بە بانکی ناوەندی عێراق و سەر بە وەزارەتی دارایی عێراقە، حکومەتی عێراقیش ئامەدەن پارە بنێرن بۆ سەر ئەم هەژمارە بانکییەی هەرێم، بۆیە لەو بارەیەوە گفتووگۆکان بەردەوامن.

جوتیار عادل هیوای خواست حکومەتی عێراق بە زووترین کات مووچە و بودجەی هەرێمی کوردستان بنێرێت، لەوبارەیەوە رایگەیاند، "بناغەیکی پتەومان داناوە بۆ ئەوەی هیچ بیانوویەک نەهێڵێنەوە بۆ ئەوەی حکومەتی عێراق بودجە و مووچە نەنێرێت".

ئەمڕۆ چوارشەممە (26ـی تەمموزی 2023)، پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "لە ئەنجامی پەیوەندی هەردوو سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و محەممەد شیاع سودانی، ئەمڕۆ شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات".

هاوکات سەرچاوەیەکی ئاگادار بە کوردستان24ی راگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە 26/7/2023، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پرسی بودجە و مووچە دەچێتەوە بەغدا.

گوتیشی: "لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی عێراق درێژە بە کۆبوونەوەکانمان دەدەین، بەو ئامانجەی لەسەر پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتی عێراق و مووچەی مووچەخۆران بگەینە رێککەوتن".

هەفتەی رابردووش شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتی ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، بۆ هەمان مەبەست سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی عێراق کۆمەڵێک کۆبوونەوە و دیداریان ئەنجامدا.

پێشتر ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆکی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا بە کوردستان24ی راگەیاندبوو. لە دوایین کۆبوونەوەیان لەگەڵ بەغدا، شاندی حکومەتی عێراق داوایان کردووە، ئەنجامی هەڵبژاردنەکان ئاراستەی محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکەن و لەبارەی چەند خاڵێک بەرچاو روونی زیاتری پێدەدەن، دواتر درێژە بە گفتوگۆکان دەدەن.